ترەمپ لە خێرابوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەرپرسیار کرا

جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند کە هۆکاری بەرزبوونەوەی توانای ئەتۆمیی ئێران و خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کشانەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ە لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە.

جێن ساکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

گوتەبێژی کۆشکی سپی، باسی لە کۆبوونەوە ئەتۆمییەکان کرد کە لە ڤیەننا لەگەڵ ئێران درێژەیان هەیە و گوتی: ''لەئێستادا دانوستان بەردەوامە. لە مانگی کانوونی یەکەمدا نیگەرانی خۆمان لەبارەی هەڵسوکەوتی ناجددی ئێران خستەڕوو، بەڵام ئێستا دووبارە لەسەر مێزی گفتوگۆین''.

جێن ساکی رەخنەی لە سەرۆکی پشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گرت و رایگەیاند ''لەئێستادا توانا و هێزی ئەتۆمیی ئێران زیادی کردووە. لە هەموو جیهاندا جەنگی بە وەکالەت دەکات. ئەگەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) بێ باکانە و بێ بیرکردنەوە لە هەنگاوی دواتر لە رێککەوتنی ئەتۆمی نەکشایەوە، هیچ کام لەمانە روویان نەدەدا''.

ساکی هەروەها باسی لەوە کرد کە بە کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئیدی ئەمریکا چاودێری کارەکانی ئەتۆمیی ئێرانی نەکرد و گوتی:

''بە کشانەوەی ئیدارەی پێشوو لە رێککەوتنەکە لەئێستادا، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەخێرایی تاو دەسێنێت. ئێران راستەوخۆ هێرشی کردە سەر هاوبەشەکانمان لە کەنداو و گرووپە گرێدراوەکانی سەرلەنوێ هێرش دەکەنەوە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق. ئەمریکا بەتەواوی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دابڕێندرا. ئێمە ئێستا هەوڵ دەدەین بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەو پەیوەندییانە و دووبارە گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ''.