له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی به‌غدا.. منداڵ و ئافره‌تێك بریندار بوون

 

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق ڕایگه‌یاند، له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا منداڵ و ئافره‌تێك بریندار بوون.

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م به‌ مووشه‌ك هێرشكرابووه‌‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌ی سه‌وز له‌ ناوه‌ڕاستی شاری به‌غدا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: له‌ كارێكی تیرۆریستی‌ ترسنۆكانه‌دا ئه‌مشه‌و مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كرا و ئه‌م ناوچانه‌ش له‌ژێر به‌رپرسیاره‌تی پاراستنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقدان.

ڕاشیگه‌یاند: به‌هۆی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ منداڵ و ئافره‌تێك برینداربوون.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: یه‌كێك له‌ مووشه‌كه‌كان له‌نێو قوتابخانه‌ی ئیلاف له‌ ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كه‌وتۆته‌ خواره‌وه‌ و زیانی به‌ قوتابخانه‌كه‌ گه‌یاندووه‌.

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌ هێرشه‌كه‌ و دیاریكردنی زه‌ره‌ و زیانه‌كان.