بۆچی ئاسمان لە زستاندا زۆر شینتر دەردەكەوێ؟

زۆربەی زۆرمان رەنگە بزانین كەوا كاتێك تیشكی خۆر دەگاتە نێو بەرگە هەوای زەوی ئەوا لە رێگەی گازی (ئۆكسجین و نایترۆجین) ەوە پەرش دەكرێتەوە و ئەوەش بە دیاردەی (پەرشبوونەوەی رایلی) ناسراوە.
لە رووی زانستییەوە هەرچەندە درێژە شەپۆلی رووناكی كورت بێ ئەوا پەرشبوونەوەی لەنێو بەرگە هەوادا زیاتر دەبێ و ئەو رەنگە كە ئێمە لە ئاسماندا دەیبینین پشت دەبەستێ بەو ئاراستەیەی كە تیایدا رووناكییەكە دەگاتە چاومان، بەو واتایەی هەرچەندە پەرشبوونەوەكە زیاتر بێ ئەوا ئاستی گەیشتنی بۆچاوی ئێمە لە هەموو لایەكاندا زیاتر دەبێ.
بۆیە، بە شێوەیەكی گشتیی، ئاسمانی پاك و بێگەرد لەسەر رەنگی شین دەردەكەوێ، چونكە تەنۆچكەكانی نێو هەوا رەنگی شین پەرش دەكەنەوە كە خاوەنی یەكێكە لە كورترین درێژە شەپۆلەكانی شەبەنگی نێو رووناكی خۆرەو لە بەرامبەردا، رەنگی سووری خاوەی درێژترین شەپۆلە، بەڵام لە كاتی ئاوابوونی خۆر ئەوا رەنگی سوورو پرتەقاڵی دەبینین، چونكە رەنگی شین لەو كاتانەدا دوور دەكەوێتەوە لە هێڵ و رێڕەوی بینینی چاوەكانمان.
لێرەوە دەبێ بزانین كەوا درێژی شەپۆلی رەنگی وەنەوشەیی كورترە لە رەنگی شین، بۆیە دەبوایە ئاسمان بە رەنگی وەنەوشەیی ببینین، بەڵام ئێمە ئاسمان بەرەنگی شین دەبینین، چونكە چاوی مرۆڤ زۆر هەستیارترە بۆ رەنگی شین.
ئێستا وەرزی (زستان)ە، وە رێڕەوی خۆر و ئاستەكەی لە ئاسماندا نزمە، ئەمەش بەهۆی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەم كاتانەی ساڵدا، جا لەسەر ئەو بنەمایە، كاریگەریی دیاردەی(پەرشبوونەوەی رایلی) هەڵدەستێ بە پێدانی ئاستێكی زیاتری رووناكی رەنگ شین بۆ چاوەكانمان و لە هەمان كاتدا تیشكی ناڕاستەوخۆی خۆر نزمیی رێژەو ئاستەكانی رەنگی سوورو سەوز وادەكەن ئاسمان هێشتا شینتر بەدیار بكەوێ، جگە لەوەش، لە وەرزی زستاندا رادەی شێ (لە هەڵمی ئاو و دڵۆپەكانی) بەهۆی نزمیی پلەی گەرمییەوە كەمترە، چونكە خودی هەڵمی ئاو و دڵۆپەكان بە شێوازێكی جیاواز لە تەنۆچكەكانی ئۆكسجین و نایترۆجین رووناكی پەرشدەكاتەوە، ئەمەش بە (پەرشبوونەوەی می) ناسراوە كە وادەكات رووناكی و رەنگی شین بۆ پێشەوەو بە شێوەیەكی یەكسان بۆ هەموو لایەكان پەرش ببێتەوە، بۆیە (پەرشبوونەوەی می) و وادەكات رەنگی شین زیاتر بۆ بۆشایی ئاسمان، نەوەك بۆ چاوی بینەر پەرش ببێتەوە، كەواتە لەكاتی بوونی هەڵمی ئاوو و دڵۆپەكانی لە ئاسماندا، شینیی رەنگەكەی كەمتر دەبێتەوە، یان بە واتایەكی دیكە، هەرچەندە ئاستی شێ لە هەوادا كەم بێت، ئەوا كاریگەریی (پەرشبوونەوەی می) كەمتر دەبێ، لە كاتێكدا ئەگەر كاریگەریی (پەرشبوونەوەی رایلی) زیاتر بێت، ئەوا ئاسمان بە شینێكی قوڵتر دەردەكەوێ لە تەك كاریگەرییەكی دیكە، ئەویش نزمیی ئاستی دیسكی رووناكی خۆرە لە ئاسمانی وەرزی زستاندا، كە هەر ئەوەشە وادەكات كەوا دانیشتوانی ناوچە یەكسانەكان، بەتایبەتیش نێوان 30 تا 60 پلە بەرەو باكوورو باشووری زەوی لە وەرزی زستاندا ئاسمانێكی شینی زۆر جوان و پاك و بێگەرد لە رۆژە ساماڵەكانی وەرزی زستاندا ببینن.

ئا/ ئەژی چەتۆ حەسەن