مەکتەبی سیاسی پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادەی رەسوڵ فەقێ دەکات

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هۆی كۆچی دوایی تێكۆشەر و خەباتگێڕ (رەسوڵ فەقێ‌ گەرۆتەیی)، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەکات.

دەقی پرسەنامەکە:
بەڕێزان/ خانەوادەی فەرماندە و كەسایەتیی ناسراوی كوردستان هەڤاڵ (رەسوڵ فەقێ‌ گەرۆتەیی)

بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی پێشمەرگە و فەرماندەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، تێكۆشەر و خەباتگێڕی دڵسۆز و بەوەفایی رێبازی كوردایەتی و بارزانی و، كەسایەتیی ناسراوی كوردستان و دەڤەری خۆشناوەتی هەڤاڵ (رەسوڵ فەقێ‌ گەرۆتەیی)مان پێگەیشت.

بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە كوردپەروەر و نیشتمانپەروەرەكەتان و كەس و كار و  هەڤاڵان و تەواوی دۆست و ئاشنا و ھاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دەكەین و، خۆمان بە هاوبەش و شەریكی خەمتان دەزانین.

خوالێخۆشبوو كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و پێشمەرگە و تێكۆشەرێكی دێرینی گەلەكەمان بوو، رۆڵێكی بەرچاو و دیاری لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەماندا هەبوو و، تەمەنی پڕ سەروەری بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان تەرخان كردبوو.

لەدەستدانی خوالێخۆشبوو (رەسوڵ فەقێ‌ گەرۆتەیی) زیانێكی گەورەیە بۆ هەموو لایەك، هیوادارین هاوخەمیی هەڤاڵ و دۆست و ئازیزانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.

دووبارە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان دووپات دەكەینەوە و لە خودای گەورە داواکارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای كۆچكردوویش بەهەشتی بەرین بێت..

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان