مستەفا کازمی سەردانی گوندی لھێبانی كرد

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق،  دوای بەسەرکردنەوەی میحوەری مەخموور، گەیشتە گوندی لهێبان-ی سەربە قەزای دوبز له‌ باکووری رۆژئاوای کەرکووک.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مستەفا کازمی سەردانی گوندی لھێبان-ی کردووە.

راشیگەیاندووە کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە سەردانەکەی بۆ گوندی لھێبان، چاوی بە دانیشتوانی گوندەکە کەوتووە و لە نزیکەوە گوێی بۆ کێشە و پێداویستییەکانیان گرتووە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر انیشتوانی گوندی لھێبان بەھۆی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعشەوە، گوندەکەیان چۆڵ کرد و دواتر ھێزێکی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە گوندەکە جێگیر کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە قەزای مەخموور.

مستەفا کازمی بەرلەوەی سەردانی مەخموور بکات، سەردانی ھەولێری کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

پاشان مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لە بارەگای میحوەری شەش لە قەزای مەخموور لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و پێشمەرگە کۆبوویەوە.

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی رایگەیاندووە "ئەمڕۆ لە قەزای مەخموورین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی قەزاکە و پلانە ئەمنیبیەکان بین لە رووبەڕبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستان، ئەوەیش بە ئامانجی بەرگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییە ئەمنییەی کە بەھۆی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دانیشتوانی ناوچەکە بەرەوڕووی بوونەوە".

هه‌روه‌ها مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی "لێرەوە لە گۆڕەپانی شەڕدا بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەڵێم کە خەیاڵ مەکەن و یەک یەکتان راوە دەنێین، یەک بە یەکی سەرکردەکانتان دەستگیر دەکەین و سزای عادیلانەشیان دەدەین، ھەموو سەرکردە و ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەژێر چاودێریی ھێزی ئاسمانیی عێراقدان و سەرجەم ھێزە ئەمنییەکانیش بەرەوڕوویان دەبنەوە".

گوتیشی: "ھیچ دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش نییە، تەنانەت ئەگەر پاشماوەکانی رێکخراوەکە ھەر ھەوڵێک لەوبارەیەوە بدەن، ھەماھەنگیی باش لەنێوان ھێزە ئەمنییەکاندا ھەیە و بە دەستێکی پۆڵایین بەرەوڕووی تیرۆریستان دەبنەوە، ھەروەھا ھیچ بەناو پەنگایەک بۆ داڵدەدانی تیرۆریستان نییە".