عێراق ده‌ستگیركردنی 13 تیرۆریستی داعشی ڕاگه‌یاند

 

ده‌زگای نه‌هێشتنی تیرۆر ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ده‌ستگیركردنی 13 ئه‌ندامی تیرۆریستی داعشی ڕاگه‌یاند كه‌ یه‌كێكیان به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆی كوشتنی ئه‌فسه‌ریكی سوپای عێراق بووه‌ له‌ باكوری به‌غدا.

ده‌زگاكه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه‌: سوپای عێراق چه‌ند هه‌ڵمه‌تێكی ڕاسته‌وخۆی بۆ ده‌ستگیركردنی تیرۆریستانی داعش له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق ئه‌نجام دا، سه‌ره‌تا له‌ شاری به‌غدا 3 تیرۆریستی داعشیان ده‌ستگیر كرد كه‌ یه‌كێكیان به‌رپرس بوو له‌ تیرۆركردنی ئه‌فسه‌رێكی سوپای عێراق.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ پارێزگای كه‌ركووك به‌رپرسێكی سه‌ربازی تیرۆریستانی داعش له‌گه‌ڵ هاوكارێكی تری ده‌ستگیر كران، هه‌روه‌ها له‌ هه‌ڵمه‌تێكی تردا له‌ پارێزگای ئه‌نبار 4 تیرۆریستی تری داعش ده‌ستگیركران، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و نه‌ینه‌وا و دیاله‌ش 4 تیرۆریستی تری داعشیش ده‌ستگیركران.

ده‌زگای نه‌هێشتنی تیرۆر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ناوه‌ ناوه‌ پلانه‌ سه‌ربازییه‌كانیان ده‌گۆڕن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین به‌رپرس‌ و تیرۆریستی داعش ده‌ستگیر بكه‌ن.