زانیاری له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌سڕا ده‌خرێته‌ڕوو

 

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری شاری به‌سڕا ڕوویدا و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش به‌لایه‌نی كه‌م 16 كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی.

سه‌رچاوه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی عێراق ئاشكرایان كرد: ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی بۆمبێكی چێنراو  بووه‌ كه‌ به‌ ماتۆڕسكیلێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و ئۆتۆمبێڵی به‌رپرسێكی لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌ تیپی سه‌ربازی مردنی به‌سڕای كردۆته‌ ئامانج.

ڕاشیانگه‌یاند: به‌گوێره‌ی زانیاریی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كان بۆمبه‌كه‌ بریتی بووه‌ له‌ 5 كیلۆگرام مادده‌ی ته‌قه‌مه‌نی به‌هۆیه‌وه‌ 4 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 12ی تریش برینداربوون، به‌رپرسی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ تیپی مردن له‌ ڕووداوه‌كه‌ ڕزگاری بووه‌.

ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی به‌سڕا ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان كردووه‌ و گه‌یشتوونه‌ته‌ چه‌ند سه‌ره‌داوێك سه‌باره‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌.

جێی باسه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌، ئه‌سعه‌د عێدانی پارێزگاری به‌سڕا و سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی پارێزگاكه‌ سێ ڕۆژ ماته‌مینی له‌ ته‌واوی پارێزگای به‌سڕا ڕاگه‌یاند.