دانیشتووانی گوندی سه‌ربیر داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەن هێزی پێشمەرگە بنێرێتە ناوچەکەیان

 

دانیشتووانی گوندی سەربیر لە سنووری شارەدێی پردێ داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەن هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەی کوردستان بچێت بە هانایانەوە.

هەڵۆ جەباری پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: گوندی سەربیر لە سنووری شارەدێی پردێی سەر بە کەرکووک 45 ماڵی لێیە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق بەدووری 1 کیلۆمەتر لە گوندەکە دوورن، دوای هێرشەکەی تیرۆرستان بۆ سەر گوندی قەرەسالم کە دەکەوێتە سه‌رووی گوندەکەوە، هاووڵاتییان بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆرستانەوە داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەن هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەی کوردستان بنێرێت بۆ ناوچەکە.

هەروەها ڕایگەیاند: کەمێک بەر لە ئێستا جموجۆڵی تیرۆرستان لە گوندی قەرەسالم بینراوە و لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە تەقەیان لێکراوە، بۆ ئەوەی نزیک سەنگه‌رەکان نەبنەوە.

ڕاشیگەیاند: گوندەکە هیچ هێزێکی لێ نییە و دانیشتووانی گوندەکە چەکیان هەڵگرتووە و بە چەکی خۆیان گوندەکە دەپارێزن.

هاووڵاتییەکی گوندەکە لە میانەی دەنگوباسی کاتژمێر 06:00 قسەی بۆ کوردستان تیڤی کرد و گوتی: داوا لە سەرۆک بارزانی دەکەین بێتە سەر خەت و هێزێکی تۆکمە بنێرێتە ناوچەکەمان و ئێمەش هاوکار دەبین لەگەڵیاندا.

گوتیشی: ئێمە لە دوای "ڕووداوە نەگریسەکەی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە" لە دۆخێکی ناخۆش و دڵەڕاوکێدا دەژین، بە تایبەت لە شەوان، هەروەها هەڕەشەی تەعریبمان لەسەرە لە دۆخێکی دەروونی ناخۆشداین.

هاووڵاتییەکە ئاماژەی بەوەش دا کە "جموجۆڵی تیرۆرستانی داعش بە مەفاریز دەبینین و لەدەوروبەری گوندەکەمان."

جێی باسە دوێنێ شەو تیرۆرستانی داعش پەلاماری گوندی (قەرەسالم)یان دا کە دەکەوێتە ژووری ئەم گوندەوە، لە پەلامارەکەدا شەهید و بریندار لە ڕیزەکانی پێشمەرگە کەوتەوە.