سوپای عێراق دەستگیرکردنی 75 تۆمەتباری تیرۆری راگەیاند

سوپای عێراق رایگەیاند کە لە میانی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا، 75 تۆمەتباری تیرۆر لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە دەستگیرکراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە 24ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا تا دووی ئەم مانگە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق ئەنجامداوە و ھاتووە: لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، 75 تۆمەتباری دەستگیرکراون.
ھەروەھا باس لەوەشکراوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، 10 حەشارگەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش خاپوورکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ھەر لە میانی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر شەش حەشارگەی چەک و تەمەقەنی و 11 بۆمبی چێنراودا گیراوە.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.