مه‌سرور بارزانی: داعش بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم

 

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی قووڵی خۆی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانی‌ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گوندی خدر جیجه‌ كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ‌ تیرۆریستانی داعش بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:-

بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک هاووڵاتی و پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هاوخەمیانین، خوای میهرەبان گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە خێزان و کەسوکارەکانیان ببەخشێت، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

تیرۆریستانی داعش بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زووە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش پارێزراو بێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دووپات دەکاتەوە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان