دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێم چەندین بەڵگە و زانیاری له‌سه‌ر داعش داوه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگه‌یاند كه‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین بەڵگە و زانیاریی پەیوەست بە داعش و سەرچاوە داراییەکانی داوە بۆ یارمەتیدانی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش.

ڕێککەوتی 30/11/2021 دادگایەک لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەر دەمارگیرێکی پێشووی ڕێکخراوی تیرۆرسی داعش سەپاند بە تاوانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی. ئەم بڕیارە بوو بە مانشێتی چەندین دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی لەوانە بی بی سی، ئێن بی سی و ڕۆیتەرز.

سەبارەت بەم پرسە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لە سەرەتای فراوانخوازییەکانی داعش لە عێراق، تیرۆریستان پەلاماری چەند ناوچەیەکیان دا لە هەرێمی کوردستان و هەروەها پەلیان هاوێشت بۆ شەنگال و لە هێرشە دزێوەکانیاندا هەموو نۆرمە مرۆیی و بنەماکانی مافی مرۆڤیان بەرامبەر بە دانیشتووانی بێتاوانی ناوچەکە تێپەڕاند لە کوشتن و وێرانکردنی ماڵەکان و ڕفاندنی ژن و منداڵ و خێزانەکانیان و فرۆشتنیان لە دەرەوە."

تەها ئەلجومەیلی ئەو تاوانبارە بە ڕەگەز عێراقییەی کە حوکمی تاهه‌تایه‌ی وەرگرت لە دادگایەکەی ئەڵمانیا، ڕۆڵی هەبوو لە کۆمەڵکوژکردنی 3 هه‌زار ئێزدی و بە کۆیلەکردنی 7 هه‌زار ژن لەنێوان ساڵانی 2014 و 2015. ئەم تاوانە قێزەونانە بەستانەوەی کچێکی 5 ساڵان لە دەرەوەی پەنجەرەی ماڵێک لە بەرامبەر گەرمییەکی بەتین و خنکاندنی لە بێ ئاوی لە خۆدەگرت.

د. دیندار هەروەها گوتی "لە کۆتاییەکانی سەدەی پێشوودا، تاوانی کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی عێراق ئەنجامدراوە. سەبارەت بە کورد هەشت هەزار بارزانی لە ساڵی 1983 کۆکرانەوە و بەرەو خوارووی عێراق بردران و کۆمەڵکوژکران؛ نزیکەی 182 هەزار کورد لە هەڵمەتە ترسناکەکانی ئەنفالدا لە نێوان ساڵانی 1986 و 1988 کۆمەڵکوژکران، 5 هەزار هاووڵاتی بێتاوانیش لە ساڵی 1988 لە هەڵەبجە بەهۆی کیمیابارانەوە کوژراون."

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی "ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەنجوومەنی نیشتمانی فەرەنسا هەنگاوی نا بۆ ناساندنی ئەم کردە دڕندانە وەک جینۆساید، بەڵام بۆ کاتی ئێستا ڕەتکرایەوە. لە سەروبەندی ناساندنی تاوانە دزێوەکانی دەرحەق بە ئێزیدییەکان، ئەو کۆمەڵکوژیانەشی کە لە سەدەی ڕابردوودا لە عێراقدا ڕوویانداوە پێویستە ببن بە باس و خواسی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، چونکە هەردوو زنجیرەی تاوانە قێزەونەکان بەیەکەوە پەیوەندیدارن و گوزارشت لە توندوتیژی و لەناوبردن و پاکتاوکردنی ڕەگەزی دەکەن."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری ڕایگەیاند "بۆ یارمەتیدانی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆلێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین بەڵگە و زانیاریی پەیوەست بە داعش و سەرچاوە داراییەکانی داوە بە تیمەکە. ئەم میکانیزمەی ئاڵۆگۆڕی زانیارییە لەنێوان حکوومەتی هەرێم و یونیتاد دامەزراوە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەرشیفەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش، کە ئەم پڕۆسەیە هاوتەریبە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگاییکردنی داعش لەژێر ڕۆشنایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان."