له‌ نووسینی نووسه‌ر هۆشمه‌ند ره‌فیق كتێبی (بیستانه‌ی گه‌وره‌) چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌


كتێبی بیستانه‌ی گه‌وره‌، زێدی ره‌سه‌نی كورده‌واری له‌ ده‌شتی هه‌ولێر، نووسینی (هۆشمه‌ند ر‌ه‌فیق) له‌ دووتوێی 512 لاپه‌ڕه‌دا، به‌ تیراژی هه‌زار دانه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی نووسه‌ر چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌.

 له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت له‌سه‌ر كتێبه‌كه‌ی نووسه‌ر هۆشمه‌ند ره‌فیق  به‌ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند" كتێبه‌كه‌م كردووه‌ته‌ 7 به‌شه‌وه‌، كه‌ هه‌ر به‌شێكی له‌ چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌ك پێك هاتووه‌. ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ ئه‌نترۆپۆلۆجی و مێژوویی و جوگرافییه‌. به‌شی یه‌كه‌مم ته‌رخان كردووه‌ بۆ هۆزه‌كان و مێژووی گونده‌كانی ده‌شتی هه‌ولێر، شێوه‌زاری قسه‌كردنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و ناوی باڵنده‌ و ئاژه‌ڵ و مێش و مه‌گه‌ز و یاری و پیشه‌ كورده‌وارییه‌كان و كه‌ره‌سته‌ و كه‌لوپه‌لی كورده‌واری و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌شتی هه‌ولێر، له‌ هه‌مانكاتدا به‌راوردی ئاماری دانیشتوانی ساڵانی (1957-1970-2021)ی كردووه‌ به‌ تایبه‌ت سنووری جوگرافیای ئێستای كارگێڕیی قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر".
له‌كۆتاییدا گووتی" له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌دا ئاماژه‌م به‌ جوگرافیا و مێژووی گونده‌كه‌ له‌ رووی بنه‌ماڵه‌ و هۆزه‌كان، هه‌روه‌ها تیشكم خستووه‌ته‌ سه‌ر لایه‌نی مێژوویی مزگه‌وت و قوتابخانه‌ و ته‌ندروستی و كانی و به‌ست و گۆم و گرد و چه‌م و دۆڵ و سه‌یرانگه‌ و ئه‌شكه‌وت و شوێنه‌واری مێژوویی، ناساندنی نووسه‌ران و شاعیران و شه‌هیدان و به‌شداری سیاسی گوندی بیستانه‌ی گه‌وره‌ له‌ ده‌شتی هه‌ولێر به‌ درێژای قۆناغه‌ مێژووییه‌كان، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی شه‌هیدانی ئه‌و گونده‌ ".

شایانی باسه‌ ئه‌م كتێبه‌ نه‌خشه‌سازیی به‌رگه‌كه‌ی، كاوه‌ ره‌فیق نه‌خشه‌سازی رۆژنامه‌ی خه‌بات كردوویه‌تی و وێنه‌ی به‌رگی به‌ په‌نجه‌ ره‌نگینه‌كانی شێوه‌كار (زریان قادر) و نه‌خشه‌سازی ناوه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ له‌لایه‌ن (كۆسره‌ت جه‌میل) كراوه‌، له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی كتێبخانه‌ گشتییه‌كان، ژماره‌ی سپاردنی 739ی ساڵی 2021ی پێ دراوه‌

ئا - كامران