لیڤه‌رپول سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ئێڤێرتۆن تۆماركرد


 
لە هەفتەی چواردەمی خولی ئینگلتەرا، یانەی لیڤەرپول بە هەمان شێوە سەركەوتنێكی گرنگی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە یانەی ئێڤێرتۆنی میوانداری بردەوە.
 یاریزانانی لیڤەرپول بە شێوەیەكی بەهێز دەستیان بە ڕووبەڕوو بوونەوەكە كردو لە خولەكی نۆدا، یاریزان جۆردان هێندێرسۆن گۆڵێكی بۆ میوانەكان تۆماركرد، پاشان محەمەد سەڵاحی میسری و ئەستێرەی ڕێدز گۆڵی دووەمی تیپەكەی لە خولەكی نۆزدە بەدەستهێنا.
لەو لاشەوە یاریزان دێمارای گرای گۆڵێكی بۆ ئێڤێرتۆن لە خولەكی سیی و هەشت تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو، لە گێمی دووەم و لە خولەكی شەست وچواردا، محەمەد سەڵاح گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی تیپەكەی بەدەستهێناو كۆی گۆڵەكانی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گۆڵكارانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ گەیاندە سێزدە گۆڵ.
 دواتر دیێگۆ جۆتای پۆرتوگالی گۆڵی چوارەمی تیپی میوانی لە خولەكی حەفتاونۆ تۆماركرد، بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی لیڤەرپول لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەكان بۆ سی و یەك خاڵ بەرزبووەوەو ئێڤێرتۆنیش بە پازدە خاڵ لە پلەی چواردەمی ڕیزبەند دێت .