هەولێر.. شارەوانی لەپێناو پاكڕاگرتنی ژینگەی شار حاویەی خۆڵ و خاشاك لە شوێنە گشتییەكان دادەنێت


بۆ پاكڕاگرتن و بایەخدانی زیاتر بە ژینگەی شار لە هەڵمەتێكی فراواندا بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ژمارەیەكی زۆری حاویەی خۆڵ و خاشاكی لە شەقامی ئیسكان دانا، كە یەكێكە لە قەرەباڵغترین شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر.
فەرمان خەلیل بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی داوا لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەكات كە هاوكاریان بن و خۆڵ و خاشاك لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان فڕێ نەدەن و سوود لەو حاویانە وەربگرن كە لە شوێنە پێویستەكان داندراون.
شایەنی باسە، ئەم هەڵمەتەش دوای ئەوە دێت كە ماوەیەك لەمەوپێش بەڕێوەبەرایەتییەكە لە هەڵمەتێكی هاوشێوەدا بە سەدان حاویەی تری لە شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر دانا و ئێستاش ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت بۆ ئەوەی حاویەی خۆڵ و خاشاك لە سەرجەم ئەو شوێنانە دابنرێن كە پێویست دەكات.