داوا ده‌كرێ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی 60 ساڵه‌ گه‌شت نه‌كه‌ن

 

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئه‌مرۆ سێشه‌م ئامۆژگاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ سه‌رووی 60 ساڵه‌وه‌یه‌ گه‌شت نه‌كه‌ن.

ڕێكخراوه‌كه‌ پێیوایه‌ ناتوانێت گه‌شتكردن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌سه‌ر هه‌موو هاووڵاتییان قه‌ده‌غه‌ بكات به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیكڕۆن له جیهاندا.

ته‌ندروستی جیهانی ئامۆژگاری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 60 ساڵ تێپه‌ڕی كردووه‌ گه‌شت نه‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسی ئۆمیكڕۆن به‌دووربن.

هه‌روه‌ها ئامۆژگاری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كات كه‌ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كانی وه‌ك دڵ و شێرپه‌نجه‌ و شه‌كره‌یان هه‌یه‌ خۆیان له‌ گه‌شتكردن بپارێزن.

ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ته‌نیا هۆكاری گه‌شتنه‌كردنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری ڤایرۆسی ئۆمیكڕۆن گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ 11ی ئه‌م مانگه‌وه‌ یه‌كه‌م تووشبووی ئه‌م ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ له‌ ئه‌فریقیای باشوور تۆمار كراوه‌.

ته‌ندروستی جیهانی ترسی له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ گۆڕاوه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا مه‌ترسیدارتر و خێراتر بڵاوبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ترس له‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ڤاكسینه به‌رده‌سته‌كانی ئێستای په‌تای كۆڕۆنا نه‌توانن ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌ و مه‌ترسییه‌كانی كه‌م بكه‌نه‌وه‌.