بایدن: ئۆمیكرۆن جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ نه‌ك تۆقاندن و دروستبوونی پشێوی

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن ئاشكرای كرد، نیگه‌رانن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ هۆی شڵه‌ژانیان.
جۆ بایدن دوای وه‌رگرتنی زانیاریی له‌ تیمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌باره‌ی جۆری ئۆمیكرۆن، لێدوانی بۆ رۆژنامه‌وانان دا.
بایدن ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دوای ماوه‌یه‌كی كورت له‌وه‌ی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی سه‌رهه‌ڵدانی جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگه‌یاند، گه‌شتكردنیان بۆ وڵاتانی ئه‌فریقا سنووردار كردووه‌ و گوتی: ئه‌م سنوورداركردنانه‌ ره‌نگه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئۆمیكرۆن رابگرێت به‌ڵام ناتوانێت رێگریی لێ بكات.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای كرد هه‌رچی زووه‌ خۆیان بكوتن یان دۆزی ته‌واوه‌تی ڤاكسینه‌كان وه‌ربگرن و گوتی: دره‌نگ یان زوو جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌ ئه‌مریكا ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین. 
گوتیشی: جۆره‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌، نه‌ك تۆقاندن و هه‌ڵچوون و دروستبوونی پشێوی. خاوه‌نی باشترین ڤاكسینه‌كان، باشترین ده‌رمانه‌كان و باشترین زاناكانی جیهانین. له‌دژی ئه‌م جۆره‌ به‌ پشێویی و سه‌ر لێشێواویی نا، به‌ڵكو به‌ زانست به‌ره‌نگاری ده‌بینه‌وه‌.
بایدن پێشبینی كه‌ره‌نتین یان قه‌ده‌غه‌ی گه‌شتكردن بۆ ئه‌ورووپا ناكات
جۆ بایدن باسی له‌وه‌ كرد رۆژ له‌ دوای رۆژ شتی نوێ له‌باره‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ فێر ده‌بن و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ كاریگه‌رترین رێگای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ هێشتا پۆشینی ماسك و وەرگرتنی ڤاكسینە.
له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكیش سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا بژارده‌ی كه‌ره‌نتین كردن به‌ ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر مێز لادراوه‌ یان نا، بایدن رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ماسك ببه‌ستن و خۆیان بكوتن پێویست به‌ كه‌ره‌نتین ناكات.
هه‌روه‌ها له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئایا گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان بۆ به‌ریتانیا و یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی دیكه‌ سنووردار ده‌كرێن كه‌ جۆری ئۆمیكرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیاندا ده‌ستنیشان كراوه‌؟"، سه‌رۆكی ئه‌مریكا گوتی: له‌ ئێستادا شتێكی له‌وشێوه‌یه‌ پێشبینی ناكه‌ین. بزانین كات چیمان پێ ده‌ڵێت.