حکوومەتی عێراق: گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا مەترسیدارترە


وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند کە گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا مەترسیدارترە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێشتر ھۆشدارییان داوە لەبارەی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و گوتی: "گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە گۆڕاوەکانی دیکەی کۆرۆنا، مەترسیدارترە.
سەیف بەدر باسی لەوش کردووە کە وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق لە ماوەکانی رابردوودا، ئامادەکاریی کردووە بۆ زیادکردنی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا، ھەروەھا پەرەپێدان بە تواناکانی دەست نیشان کردنی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە و چارەسەرکردنی تووشبووان، هەروەها بەردەوامە لە پێدانی ڤاکسینەکان بە ھاووڵاتییان و گوتی: بەم زووانە لیژنەی باڵای تەندورستیی و سەلامەتی نیشتمانیی، بڕیارەکانی خۆی لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەردەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، سەیف بەدر ئاشکراشی کردووە کە ھێشتا زانیارییەکان لەبارەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن سنووردران، بەڵام پابەندبوون بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی تاکە رێگایە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکە.
ناوبراو داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد کە زیاتر پابەندبن بە رێوشوێنەکانی خۆپارێزیی بەتایبەتیش لە وەرگرتنی ڤاکسین، بەستنی ماسک، ھەروەھا دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتیی.
دوێنێ یەکشەممە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حەلفی رایگەیاندبوو کە تا ئێستا گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە عێراق بڵاونەبووەتەوە.