له‌ده‌ست تاڵیبان هه‌ڵهات.. مۆنالیزاكه‌ی ئه‌فغانستان گه‌یشته‌ ئیتاڵیا

 

حكوومه‌تی ئیتاڵیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی ئاشكرای كرد، شه‌ربات گوڵا ئه‌و ئافره‌ته‌ ئه‌فغانییه‌ی كه‌ به‌ هۆی جوانی چاوی و ناوبانگییه‌كه‌ی به‌ مۆنالیزای ئه‌فغانستان ناسراوه‌، گه‌یشته‌ شاری ڕۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا.

شه‌ربات به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن وێنه‌گر ستیڤ ماكۆری له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می گۆڤاری ناشیۆناڵ جیۆگرافیك له‌ ساڵی 1985 كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نا 12 ساڵان بوو، بووه‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین كه‌سایه‌تییه‌كانی جیهان.

ئاژانسی (ئاكی) ئیتاڵی بڵاوی كرده‌وه‌: دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستان، شه‌ربات داوای له‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان كردبوو هاوكاری بكه‌ن بۆ جێهێشتنی ئه‌فغانستان، به‌و هۆیه‌وه‌ حكوومه‌تی ئیتاڵیا كاری گواستنه‌وه‌ی بۆ شاری ڕۆما ڕێكخست و ئه‌مڕۆ هه‌ینی شه‌ربات له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی گه‌یشتنه‌ ئه‌و وڵاته‌.

لای خۆشییه‌وه‌ نووسینگه‌ی ماریۆ دراگی سه‌رۆكی وه‌زیرانی ئیتاڵیا ڕایگه‌یاند: ئیتاڵیا گواستنه‌وه‌ی شه‌ربات و ماڵباته‌كه‌ی بۆ شاری ڕۆما ڕێكخست دوای ئه‌وه‌ی داوای هاوكاری كردبوو.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی ئیتاڵیا له‌مڕۆوه‌ هه‌موو هاوكارییه‌كی پێشكه‌ش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی و خێزانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژیانی ئیتاڵیا ڕابێن.

شه‌ربات له‌ ساڵی 1984 له‌گه‌ڵ ماڵباته‌كه‌ی یه‌كێك بوون له‌و هه‌زاران هاووڵاتییه‌ ئه‌فغانییه‌ی كه‌ ئاواره‌بوون، به‌ ڕێكه‌وت له‌لایه‌ن وێنه‌گری جه‌نگی ستیڤ ماكۆری وێنه‌ی ده‌گیرێ و دوای بڵاوبوونه‌وی وێنه‌كه‌شی له‌ گۆڤاری ناشیۆناڵ جیۆگرافیك به‌هۆی چاوه‌ شینه‌كانییه‌وه‌ ناوبانگێكی زۆر له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌ده‌ستدێنێ و ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ره‌ ناسراوه‌كانی جیهان.

ستیڤی ماكۆری وێنه‌گر دوای گه‌ڕانێكی زۆر و به‌رده‌وام له‌ ساڵی 2002 دووباره‌ به‌ چاوه‌ شینه‌كانی شه‌ربات شادبووه‌وه‌ و دووباره‌ وێنه‌یه‌كی گرت و بڵاوی كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ ته‌مه‌ن و ڕووخسارێكی جیاوازه‌وه‌.

 

 

 

jpg.jpeg
jpg.jpg
jpg_2.jpg