تره‌مپ دووباره‌ خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌

 

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌ ساڵی 2024 دووباره‌ بۆ خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌.

تره‌مپ له‌ جه‌ژنی سوپاسگوزاری په‌یامێكی ئاراسته‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان كرد و تێیدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2024 خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی وڵات هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌.

تره‌مپ ڕایگه‌یاند: ئێستا كاتێكی خۆشه‌ له‌ وڵات، به‌ڵام دڵته‌نگ مه‌بن، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ مه‌زن ببینه‌وه‌، بێگومان ئه‌م كاره‌ش پێكه‌وه‌ ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز هه‌ره‌س ناهێنێ، هه‌رگیز ناشهێلین وڵات به‌ره‌و ڕێگه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ بڕوات، زۆرێك له‌ نه‌وه‌ گه‌وره‌كان پشت به‌ ئێمه‌ ده‌به‌ستن، چێژ له‌ جه‌ژنی سوپاسگوزاری ببینن، له‌گه‌ڵ ئاڵاكه‌مان داهاتوویه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێمانه‌.

تره‌مپ پێشتریش چه‌ند جارێكی تریش ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ ئامانجییه‌تی دووباره‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2020 به‌رامبه‌ر جۆ بایدن شكستی خوارد، جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ پۆستی سه‌رۆكیان لێ دزیوه‌.

جین پساكی سكرتێری ڕۆژنامه‌وانی كۆشكی سپی ساڵێك پێش ئێستا ئاشكرای كردبوو كه‌ جۆ بایدن بۆ ساڵی گه‌ڕی دووه‌میش خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌ 2024 هه‌ڵده‌بژێرێ، به‌مه‌ش له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌مه‌ریكا دووباره‌ جۆ بایدن و دۆناڵد تره‌مپ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.