ئەوانەی داوای نەمانی توندوتیژی دژ بە ئافرەت دەکەن خۆیان باوه‌ڕییان پێیەتی؟

دەبێت پێکهێنانی خێزان و وڵاتێکی تەندروست  لە تاکەوە دەست پێ بکات

دیده‌ فه‌ره‌یدوون

سه‌ره‌تا لە پەرله‌مانەوە دەست پێ دەکەم، لە چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو لە یەکێک لە دانیشتنه‌كانی پەرله‌مانی کوردستان گوێبیستی یەکێک لە پەرله‌مانتاره‌کان بووم باسی ئەوەی دەکرد کە ئۆتۆمبێلی گرانبەها بۆ هەندێ خانمی تۆڕە کومەڵایه‌تییه‌کان دەکڕدرێت، بە شێوەیەکی ناتەندروست دیارن و پیشەکەیان دیار نییە، ئەم دیاردەیە پێشووتریش هەر هەبووە، بەڵام ئێستا بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دەکرێت.

ئەمانه‌ ڕۆژانە کەم یان زۆر هەستی پێ دەکەین کە بێگومان تەندروست نییە بە تایبەتی بۆ هەرێمێک کە نزیکە 6 ملیۆن کەس ڕێژەی دانیشتووانیه‌تی، تا ئێستاش کەم یا زۆر لە گوند و ناوچەکانی دەوروبەری ئاسایشی ناسەقامگییرە و لە زۆر سێكته‌ر پێوستی بە چاکسازی و کاری جددی هەیە.

ئەمە زۆر کێشەی بەدوواوە هەیە، ئەوه‌ی کە من دەمه‌وێ تیشک بخەمە سەری لێره‌دا ئەوه‌یە كه‌ ئەو هەرزه‌کارانه‌ی كه‌ تەمەنیان له‌خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌ و تۆڕەکۆمه‌لایه‌تییه‌کان بە کار دێنن، چەند کاریگەری ده‌بێت له‌ سەریان و چەند کێشە بەو هۆیەوە لەنێو خێزان دروست دەکات؟ هه‌روه‌ها چەند ڕق و کینه‌ دروست دەکات کە بیه‌وێت یا چاوی لێ بکات یا وشەی نا شیاو لە کۆمێنت بنووسێ. ئەمە دەبێتە هۆیەک بۆ فێربوونی توندوتیژی لە تۆرە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

کوشتن بووە بە ژمارە

کوشتنی ئافرەت لە سەرانسەری جیهان ڕۆژانە لە هه‌واڵه‌كان گوێبیستی ژمارە دەبین، لە دوای هەر ژماره‌یەک چیرۆکێك هەیە ئەگەر لە سەره‌تاوە لە سەر ئەم ژمارە ترسنکانە کارمان بکردایە بێگومان ئه‌وانه‌ دروست نەدەبوون.

بە پێی ئامارێكی نەتەوەیەکگرتووه‌کان 736 ملیۆن ژن واتا سێیەکی ژنان کە تەمەنیان لە 15 ساڵ بەره‌و سەرووه، ئەگەر بۆ یەک جاریش بێت ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هه‌روه‌ها ئه‌م ڕێژه‌یه‌ زیاتر بووه‌‌ لە کاتی پەتای کۆڕۆنا و رۆژانە خۆشمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە هۆکاری جۆراوجۆر گوێبیستی کوشتنی ئافرەت دەبین، بە پێی ئاماره‌کانی بەڕێوه‌بەرایەتیی بەره‌نگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش تەنیا له‌ مانگی 9ی ئه‌مساڵ لە سێ پارێزگای هەرێم شەش حاڵه‌تی کوشتن هەبووە.

لەلایه‌كی دی ژماره‌یه‌كی زۆر رێکخراو هەیە لە هەرێمی کوردستان و جیهان بۆ داکۆکیكردن لە مافه‌كانی ئافرەتان و هه‌روه‌ها کۆمەڵێك بەڕێوه‌بەرایەتی و چالاکوانیش هەن، بە پێی ئەو قسانه‌ی كه‌ خۆیان دەیڵێن هەندێ کەیس هەیە چارەسەریان کردووه‌، هەندێکی تریش بۆیان بە دوای چارەسه‌ر دەگەرێن، ئەمه‌ لە کاتی ئاساییدا، بە واتای ئه‌وه‌ی ئەو ئافرەتانە لەنێو خیزانه‌كانیان توندوتیژییان بەرامبەر کراوه‌‌ یان له‌لایه‌ن هاوسەره‌کانیان.

ئەوه‌ی کە لەم رۆژه‌دا هەڵدەستی بە سازکردنی چالاکی و دیبەیت چ ئەوانەی بە ناوی چالاکوان یا رێکخراو یا تەنانەت لە حکوومەتەوە بێت، تا چەند ئەو کەسانە خۆیان باوه‌ریان بەو کەیسە هەیە و لە ماڵەكه‌ی خۆیانه‌وه‌ه‌ دەستییان پی کردووه؟

من نامەوێ نموونەی وڵاتانی تر بێنم و ناشمەوێ کوردستان لە هەر سێكتەر و کێشەیەك بە وڵاتیک یا هەرێمێکی دیكه‌ی جیهان بەراوردی بکەم، چونکە کورد گەلێکە فەرهەنگ و کلتووری خۆی هەیە و نابێت نەوه‌ی ساڵانی ٢٠٠٠ ئەمە لە بیر بکەن، دەبێت ئەوه‌ش بزانن کە ئەم رۆژە لە سەرانسەری جیهان یاد دەکرێتەوە کەواته‌ ئەوانیش لە زۆر بەشه‌کان کێشەیان هەیە جا لە ماڵەوە بێت یان له‌سەر کار یان تەنانەت له‌ شوێنە گشتییه‌کانیش.

زۆربه‌ی کات بۆ من جێگه‌ی پرسیارە بۆ دەبێت ڕێکخراوکان دەسپێکی بیرۆکەی پاراستنی منی تاکی کچی کورد بن؟ بۆ دەبێت ئەوان دەسپێشخەربن لە داکۆکیكردن لە مافه‌کانی منی کورد؟ هه‌روه‌ها بۆچی من و هەر تاکێكی تری کورد لە ده‌ستووری عێراقی بە پێی پێوست مافه‌کانمان نه‌پارێزراوە، بە تایبەتی له‌ دوای ساڵانی 2005 و نووسینی دەستووری عێراق، ئه‌و وڵاته‌ زۆر کاره‌ساتی گه‌وره‌ و مه‌رگه‌ساتی بە سەردا هات و بە تایبەت شەری داعش و جینۆسایدكردنی ئێزیدییه‌کان. بێگومان لەگەڵ دروستبوونی هەر کاره‌ساتێک دەبێت گۆڕانکاری بە سەر ده‌ستووریشدا بێت بۆ ئەوه‌ی لەگەڵ مافه‌کانی هەر تاکێکی عێراقی بە هەموو پێکهاته‌كانییه‌وه‌ بگونجێت.

ئەوه‌ی کە دەبێت لە 2014 تاوەکو ئەو رۆژەی هەموو کچ و ئافرەتی ئێزیدی بە تەندروستییه‌کی باشه‌وه‌ دەگه‌ڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەو کاره‌ساتە بە تاوانێکی مرۆیی و لە هەموو جیهان دەبێت دانی پێدا بنرێ و یەکێک لە هەره‌ بابه‌ته‌ گرینگەکان کە بە گرینگ و جددی وەری بگرین و کاری بۆ بکەین و جێی بکەینەوە لە ده‌ستووردا مافی منداڵانی دایکانی ئێزیدییه‌.

بۆیه‌ خوێنەری بەڕێز چ ئافرەت بیت یان پیاو بۆ پێکهێنانی خێزانێکی تەندروست دوایی وڵاتێکی تەندروست دەبێت لە تاکەوە دەست پێ بکەین.