وه‌زاره‌تی كاره‌با: هه‌فته‌ی داهاتوو دۆخی كاره‌با ئاسایی ده‌بێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: لەماوەی ئەم چەند رۆژەدا، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا بۆ 5000 مێگاوات، ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا نزم بووەتەوە.

ڕاشیگه‌یاند: هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەم بارودۆخە كاتییە و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و پێشبینی دەكەین ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3800 مێگاوات بەرز بێتەوە و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش ئاسایی ببێتەوە.

هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەم چەند رۆژەی دواییدا:

• وێستگەی بەرهەمهێنانی 165 مێگاواتیی گەرمیان بە مەبەستی فراوانکردنی وێستگەكە و دانانی چەند یەكەیەكی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بۆ ئاستی 200 مێگاوات کارەبا ڕاوەستاوە.

• راوەستانی 130 مێگاوات كارەبا لە هێڵی توركیاوە كە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی كارەبا و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و راستەوخۆ لەلایەن توركیاوە بڕدراوە.

• هەردوو یەكەی وێستگەی خەبات بەهۆی پرۆسەی چاككردنەوەوە راگیراون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەگەڕ دەخرێنەوە.