شاندێکی بازرگانی وڵاتى چیک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

 

پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی چیك لەعێراق کرد و ڕایگەیاند، لەئێستاشدا بەمەبەستى دەرفەتى زیاترى ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان، ئامادەکارى دەکەن بۆ هاتنى شاندێکی بازرگانی وڵاتى چیک بۆ هەرێمی کوردستان.

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیوانى پارێزگا پێشوازى لە پیتەر شتێپانیک، باڵیۆزی نوێی کۆماری چیک له‌ عێراق کرد و لەدیدارەکەدا پارێزگارى هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى بەبۆنەى دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی کۆماری چیک لەعێراق پیرۆزبایی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا و جەختی لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییە سیاسى و ئابوورى و بازرگانی و فەرهەنگى و کەلتورى و هونەرى نێوان کۆماری چیک و هەرێمی کوردستان کردەوە.

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: باڵیۆزی چیک لە عێراق تیشکى خستە سەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک، هەروەها ئامادەیی خۆیی و وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتى لە کەرتى تەندروستى.

 ڕاشیگەیاند: لەم نزیکانە کونسڵى نوێى وڵاتەکەى لە هەولێرى پایتەخت دەست بەکار دەبێت، ئێستاش بەمەبەستى دەرفەتى زیاترى ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێنان، ئامادەکارى دەکەن بۆ هاتنى شاندێکی بازرگانی وڵاتى چیک بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها ئاماژە بەوەش کرا کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە ڕۆڵى پێشمەرگە و سەرکەوتنی بەسەر تیرۆرستانى داعش و بەردەوامیدان بە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و ڕەوشى ناوچەکە بەگشتیى و بارودۆخى عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پرسى پێکهێنانى حکوومەتى نوێى عێراق و چەند تەوەرێکی دیکەی گرنگى ئابوورى و بازرگانى و پیشەسازى گفتوگۆى لەبارەوە کرا.