ریاڵ مه‌درید گه‌یشته‌ قۆناغی 16 ى خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا


یانەی ڕیال مەدرید گەیشتنی بۆ قۆناغی شازدەی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا مسۆگەركرد.
 لە گەڕی پێنجەم و پێش كۆتایی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولەكەو لە گڕوپی چوارەمدا، یانەی ڕیال مەدرید خاوەنی ڕیكۆردی پێوانەیی نازناوەكانی چامپیۆنس لیگ بە سێزدە نازناو، سەركەوتنێكی گرنگی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی شێریف تیراسپۆلی مۆلدۆڤی میوانداری بردەوە.
 لە خولەكی سییدا، داڤید ئالابای نەمسایی گۆڵێكی بۆ ڕیال تۆماركرد، پاشان تۆنی كرۆسی ئەڵمانی گۆڵی دووەمی تیپی میوانی لە خولەكی چل وپێنج بەدەستهێناو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.
 لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاوپێنجدا كەریم بێنزیمای فەڕەنسی یانەی شاهانەی كردە خاوەنی گۆڵی سێیەم، بەم بردنەوەش كۆی خاڵەكانی ڕیال مەدرید لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی چوارەم بۆ دوازدە خاڵ بەرزبووەوەو بە شێوەی پێشوەخت گەیشتنی بۆ قۆناغی شازدەی چامپیۆنس لیگ مسۆگەركرد، شێریف تیراسپۆلیش سێیەم یاری لەسەریەكی دۆڕاندو بە شەش خاڵ لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە مایەوە -