ئەمریکا و تاڵیبان کۆدەبنەوە

 

هەفتەی داهاتوو تاڵیبان و ئەمریکا لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ کۆدەبنەوە و دیوێکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسییەکانی هەردوولا دەست پێدەکات.

حکوومەتی واشنتۆن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: بەردەوام دەبن لە کۆبوونەوە و وتووێژ لەگەڵ تاڵیبان، دوای کۆبوونەوەکەی پێشوویان کە لە 9-10ـی مانگی ڕابردوو کرا.

هەروەها ئەمڕۆ چوارشەممە تاڵیبان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو قۆناغێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان ئەفغانستان و ئەمەریکا لە قەتەڕ دەستپێدەکات، لەم قۆناغەشدا گفتوگۆکان باس لە کردنەوەی بەشێکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی پێشووی دەوحە دەکەن.

بڕیارە لە گفتوگۆکان باس لەوە بکرێت کە چۆن ڕێگەیەکی سەلامەت لە دەرەوەی ئەفغانستان بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەمریکایی و ئەفغانییانەی کە لە ماوەی شەڕی 20 ساڵە لەگەڵ واشنتۆن کاریان کردووە، دابین بکرێت.

شاندەکەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی تۆماس وێست نێردراوی تایبەتی ئەفغانستان بەڕێوەدەبرێت کە هەفتەی ڕابردوو جەختیان کردەوە کە هەر پشتیوانییەکی دارایی و دیپلۆماسی لە واشنتۆنەوە بۆ تاڵیبان پێویستە لەسەر بنەمای چەند مەرجێک بێت.

وێست ڕایگەیاند: دەبێت تاڵیبان حکوومەتێکی گشتگیر پێکبهێنێت و ڕێز لەمافی کەمینەکان و ئافرەتان بگرێت و دەرفەتی یەکسان لەپەروەردە و دامەزراندندا بڕەخسێت.

ئەمیرخان موتاقی وەزیری دەرەوەی حکوومەتی تاڵیبان کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نەناسراوە، هەفتەی ڕابردوو لە نامەیەکی کراوەدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا داوای کردنەوەی سەرمایەی ئەفغانستانی کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیراوە.