ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی دارایی بۆ باشترکردنی بارودۆخی قوتابیان تەرخان کرد

 

ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان کرد بۆ باشترکردنی بەشە ناوخۆییەکان و بارودۆخی قوتابییانی زانکۆ وپەیمانگەکان.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند پرسێکی تاوتوێ کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە  لەلایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر ئاڵای پیرۆزی کوردستان کرا، ڕێککاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان کرد، کە ساڵانە لە 25ی نۆڤێمبەر لە جیهان و هەرێمی کوردستان یادی دەکرێتەوە. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لەپێناو نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک، بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەم جەخت لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان کراوەتەوە.

پاشان سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرنگیی بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە 2021) کرد کە لە ڕۆژانی 19- 21 ی نۆڤێمبەری 2021 لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەچوو. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە وەدا کە بەشدارdی هەرێمی کوردستان جەختکردنەوە بوو لە ڕۆڵی گرنگیی هەرێم  وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ لایەنە سیاسییەکان کرا کە پێویستە دایەلۆگێکی هێمنانە لەنێوان لایەنەکاندا بکرێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی وڵات.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە بایەخی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا کردەوە لە پێناوی دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بابەتی ناڕەزایی قوتابییانی زانکۆ وپەیمانگاکان تاووتوێ کرا کە ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پوختەی بابەتەکەی خستەڕوو بۆ ئەنجوومەن، لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ باشترکردنی بارودۆخی بەشە ناوخۆییەکان و دۆخی قوتابییان وخوێندکارانی زانکۆ وپەیمانگەکان.

 ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای جەختکردنەوە و ڕاسپاردنی هێزەکانی چالاکی مەدەنی بۆ زامنکردنی مافی خۆپیشاندانی هێمنانەی قوتابییان بۆ داواکردنی مافەکانیان دوور لە توند وتیژی، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران بە توندترین شێوە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو بێ ڕێزی و سووکایەتییە دەکات کە  لە لایەن هەندێک کەسەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی هەرێم و ئاڵای پیرۆزی  کوردستان کرا، ڕێککاری یاساییش بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم سووکایەتییە دەگرێتەبەر، هەروەها پەلاماردان و سووکایەتیکردن بە هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدان و تێکدان و وێرانکاری دامەزراوەکانیش سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.

هەروەها بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک دەربارەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران لە سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵەندا و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێمی کوردستان کە لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختی کردەوە لە بەردەوامیی بەھاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ هەرێم، لە هەمانکاتدا جەختکرایەوە لەوەی وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوە و ڕێککاریی یاسایی بگرێتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی کە ئەم بارودۆخەیان قۆستووەتەوە و بازرگانی دەکەن بە ژیان و سەلامەتی کۆچبەران.

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر بوو لەلایەن عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان کە تێیدا بارودۆخی ژینگە لە هەرێم خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای جەختکردنەوە لە بایەخی ژینگە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە کە پرسێکی نێودەوڵەتيی گرنگە و جێی بایەخ و گرنگی حکوومەتی هەرێمیشە، بۆیە گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە هاوکاری دەستەی پاراستن وچاککرنی ژینگە بکەن بۆ ئەو پێشنیاز و پڕۆژانەی لە لایەن سەرۆکی دەستەوە لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی زانستیی فراوان و گشتگیر بۆ پەرەپێدانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان.