فه‌ڕه‌نسا داوا له‌ هاووڵاتییانی ده‌كات به‌ په‌له‌ ئه‌م وڵاته‌ جێبێڵن

 

فڕه‌نسا داوای له‌ هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانی كرد به‌په‌له‌ وڵاتی ئه‌سیوپیا جێبێڵن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌و وڵاته‌ شه‌ڕ ده‌ستی پێ كردووه‌ و ئه‌مڕۆ سێشه‌م به‌ره‌ی ڕزگاری تیگرای ئاشكرای كردبوو كه‌ ته‌نیا 200 كیلۆمه‌تر له‌ ئه‌دیس بابای پایته‌خته‌وه‌ دوورن.

كونسوڵخانه‌ی فڕه‌نسا له‌ ئه‌دیس بابا به‌ نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی سه‌رجه‌م هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانی فڕه‌نسی ئاگاداركردبووه‌وه‌ كه‌ به‌ زووترین كات ئه‌و وڵاته‌ جێبێڵن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌بی ئه‌حمه‌د سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌سیوپیا دوێنێ دووشه‌م ڕایگه‌یاندبوو كه‌ خۆی به‌ره‌و به‌ره‌كانی جه‌نگ دژی به‌ره‌ی ڕزگاری تیگرای ده‌چێت كه‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌دیس بابای پایته‌خت نزیك بوونه‌ته‌وه‌.

به‌شێكی زۆری وڵاتانی ئه‌فریقیا داوایان له‌ حكوومه‌تی ئه‌سیوپیا و به‌ره‌ی ڕزگاری تیگرای كردبوو هه‌ر ئێستا جه‌نگ ڕابگرن بۆ سه‌روه‌ری ئه‌سیوپیا و ڕزگاری هاووڵاتیانی.