قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی "بروسکەی ئاسمان" بۆسەر پاشماوەکانی داعش ده‌ستی پێكرد


سوپای عێراق دەستپێکردنی قۆناغی یەکەم لە ئۆپەراسیۆنی "بروسکەی ئاسمان" بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ژمارەیەک ناوچە راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، بەسەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، ھێزەکانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵیی، ئاژانسی ھەوڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ قۆناغی یەکەمیان لە ئۆپەراسیۆنی "بروسکەی ئاسمان" لە ژمارەیەک ناوچە دەست پێ کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتیی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دابین کراوە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و خاپوورکردنی حەشارگەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکەیە لە ژماریەک ناوچە.
وێڕای ئەوەی ھێزە عێراقییەکان داعشیان لە ناوچەکان شکست پێ ھێناوە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر پەلامارەکانیان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.