بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر خۆبه‌ربژێركردنی سه‌یفولئیسلام قه‌زافی درا

 

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی لیبیا ئه‌مڕۆ دووشه‌م، بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر خۆبه‌ربژێركردنی سه‌یفولئیسلام قه‌زافی كوڕی سه‌رۆكی پێشووی لیبیا موعه‌مه‌ڕ قه‌زافی دا و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ خۆبه‌ربژێركردنه‌كه‌ی یاساییه‌ و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌.

عیماد ئه‌لسایح سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی لیبیا ڕایگه‌یاند: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داواكاری گشتی سه‌ربازی بۆی نییه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری كۆمیسیۆن وه‌ربدات، خۆ به‌ربژێركردنی سه‌یفولئیسلام قه‌زافی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی لیبیا له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ته‌واو و بێ كێشه‌یه‌.

ڕاشیگه‌یاند: سه‌یفولئیسلام قه‌زافی كوڕی موعه‌مه‌ڕ قه‌زافی سه‌رجه‌م ڕێكاره‌كانی خۆ به‌ربژێركردنی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی ئه‌نجامداوه‌ و هیچ ڕێگرییه‌كی له‌به‌رده‌مدا نییه‌.

جێی باسه‌ سه‌یفولئیسلام قه‌زافی ڕۆژی یه‌كشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌شێوه‌ی یاسایی په‌ڕاوه‌كانی خۆ به‌ربژێركردنی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی لیبیا پێشكه‌ش كرد، سه‌ره‌تاش وا بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ ناوبراو كێشه‌ی دادگاییكردنی تاوانه‌كانی جیهانی له‌سه‌ره‌ به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاوان دژی مرۆڤایه‌تی له‌ لیبیا له‌ ساڵی 2011، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ش كرابووه‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ڕه‌نگه‌ تۆڵه‌ له‌ نه‌یار و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ده‌ستیان له‌ ده‌ستگیكردن و كوشتنی باوكی هه‌بووه‌.