هاتووچۆی هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم وێنەیە دەدات

 

پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر ئه‌م وێنەیە دەدات کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ڕایگەیاند كه‌ وێنەکە هەولێر نییە، بەڵکو شارێکی دیکەی کوردستانە.  

هاتووچۆی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە لەسەر وێنەی تابلۆیەکی هاتووچۆ کە لە تابلۆکەدا لە یەک شوێندا دوو ئاراستەی جیاواز بەرەو هەولێر نیشان دەدات، ڕایگەیاند: شوێنەکە هەولێر نییە، بەڵکو کەرکووکە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: چەند ڕۆژێکە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەی هێمایەکی هاتووچۆ بڵاوکراوەتەوە ک ئاماژە بۆ ئاراستە بەرەو هەولێر دەکات و وانیشاندراوە کە ئەمە هەولێرە، ئێمە بۆ هەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە کە ئەو شوێنە هەولێر نییە و ئەو هێمایە لە شاری کەرکووک بە ئاراستەی هەولێر دانراوە.

هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئێمە وەکو هاتووچۆی هەولێر لە هەڵە و شێوازی دانانی هێمایەکە بەرپرسیار نین.