پشیلەیەک چوار گوێچکەی هەیە

میداس ناوی ئەو پشیلەیەیە کە بە چوار گوێچکەوە لەدایکبووە و بووەتە جێی سەرنجی بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

جانیس دۆشەمەجی خاوەنی پشیلەکە لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە مانگێک بەر لە ئێستا ھاوڕێکانی ئەم پشیلەیەیان دۆزیوەتەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم پشیلەیەی گرتووەتەخۆی و ناوی لێناوە میداس.

دۆشەمەجی ئاماژەی بەوەشدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا میداس ناوبانگێکی باشی پەیدا کردوە، گوتیشی: "لە ماوەی ھەفتەیەکدا ژمارەی فۆڵۆوەرەکانمان 19 ھەزار و لە ماوەی چوار ھەفتەدا 75 ھەزاری تێپەڕاند".

دەربارەی ئەم حاڵەتەی میداس، پزیشکی ڤێتەرنەری، رەشاد نووری ئاسڵان رایگەیاند: "لە لێکۆڵینەوەکانمدا ھیچ حاڵەتێکی ھاوشێوەی میداسم نەبینیوە. جگە لە گوێچکەکانی ئێسکی چەناگەشی کەمێک لەدواوەیە و بەھۆی ئەوە بەردەوام زمانی دەردێنێت. بەڵام ئەمە لە کاتی خواردندا کێشەی بۆ دروست ناکات. ھەروەھا کلکیشی لە کلکی پشیلەیەکی ئاسایی کورتترە. پێموایە پێکھاتەی مێشکیشی جیاوازە چونکە زۆر بایەخ بە دەوروبەری دەدات و بەھیچ شێوەیەک حەزی لە میاواندن بە دەنگی بەرز نییە".