پۆلیسی گشتیی هەرێم ڕوونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە


پۆلیسی هەرێم ڕوونکردنەوەیەک سەبارەت بەم ھەواڵانەی کە چەند ڕۆژێکە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، لەبارەی ئەوەی کە هیچ گوتەبێژێک لێدوان نەدات بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوونکردنەوە دەدات. 

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گشتیی هەرێم ئەمڕۆ شەممە سەبارەت بەو هەواڵانەی کە بۆ ھیچ گوتەبێژێک نیە چاوپێکەوتن بۆ ھیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن ئەنجام بدات، ڕایگەیاند: ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و ھەمیشە دەتوانن گشت وتەبێژەکانی پۆلیس لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لێدوان بدەن و چاوپێکەوتن بکەن لەگەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو.

بۆ ئەمەش پۆلیسی هەرێم مەرج دەخاتەڕوو و ڕایدەگەیەنێت: پێویستە بە مەرجی  وەرگرتنی ڕەزامەندی بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھەرێم پێش ئەنجام دانی چاوپێکەوتنەکە بۆ ڕێکخستنی ئیش و کارەکانمان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕەچاوکردنی دیسپلینی سەربازی بێت.

ئاماژە بەوەش دەکات کە سەبارەت بە ھەواڵی ئەوەی تەنھا ھاوکاری کەناڵی کوردستان 24 بکرێت، ئەمەشیان دوورە لە ڕاستیەوە و بەرێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ھەرێم ھەر نووسراوێکی فەرمی پێمان بگات لە ھەر کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە بۆ ئەوەی دەزگاکانی پۆلیس ھاوکاریان بن لە بەرنامەیەکی تایبەتدا ئێمە لاریمان نییە، بە مەرجێک بەرنامەکە سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنێت و خزمەت بە تاکی کۆمەڵگە بکات، دوور لە ئینتیمای حزبی و شێواندنی ئەرک و ماندووبونی ھێزەکانی ئاسایشی ناوەخۆ.

پۆلیسی هەرێم لە کۆتاییدا هیوادەخوازێت گشت کەناڵەکان و میدیای کوردی زیاتر لە بابەتەکان بکۆڵنەوە و بگەنە بنچینەی ھەواڵی ڕاستەقینە پێش بڵاوکردنەوەیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.