لە کەنەدا بەهۆی لافاو ژمارەیەک ڕێگە داخراوە

 

لە کەنەدا بەهۆی بارانی بەخوڕ، لافاو دروست بووه‌ و ژمارەیەکی زۆری ڕێگە داخراوه‌، حكومه‌تی كه‌نه‌داش باری نائاسایی له‌ شاری بریتش کۆڵۆمبیای رۆژئاوای وڵاتەکە راگەیاند.

لافاوەکە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستی پێکرد و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە، لە ئەنجامیشدا ژنێک بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

 به‌رپرسی ناوخۆی شاری بریتش کۆڵۆمبیا دوێنێ رایگه‌یاند، بڕی 790 ملیۆن دۆلاری ئەمریکیان پێویستە بۆ ئەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەویەوە دروستبوونە قەرەبوو بکرێنەوە.

تا ئێستا حكوومه‌ت له‌ هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی ڕێگەکانن و نه‌یانتوانییووه‌ كۆنتڕۆڵی لافاوه‌كه‌ بكه‌ن تا خۆراک و پێداویستی بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ دابین بكه‌ن.

 سەرۆکی شارەوانیی بریتش کۆڵۆمبیا گوتی: لە پلانیاندایە لە ناوچەی ئابۆتسفۆرد بە درێژایی سنووری ئەمریکا پەرژینێک دروستبکەن بۆ ئەوەی ئاوی لافاوەکە بگاتە ناوچەی سوماس پرێیر، کە پێشتر خۆی دەریاچە بووە. هه‌روه‌ها گو‌تیشی" بۆ دابین كردنی خۆراک بۆ خه‌ڵكی و دابین كردنی ئاو بۆ كێڵگه‌كانی ئاژه‌ڵ پشتیان به‌ هێلیكۆپته‌ر بەستووە."

 بەرپرسانی شارەکە داوایان کردووە نزیکەی 120 سەربازی سوپای کەنەدا یارمەتیان بدەن بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە مەترسیی لافاوەکە دووربخەنەوە.