فیلمی سینه‌مایی "بێ نیشتمان" له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" نمایش ده‌كرێت

فیلمی سینه‌مایی "بێ نیشتمان" سێیه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌ماكاری كورد "توورج ئه‌سڵانی" له‌ به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی" له‌ هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" نمایش ده‌‌كرێت.

به‌پێی ڕاپۆرتی زایه‌ڵه‌، فیلمی سینه‌مایی "بێ نیشتمان" Landless له‌ نووسین و ده‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماكاری كورد "توورج ئه‌سڵانی"، به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی "ماد مووڤی" MAAD Movie و هه‌روه‌ها به‌رهه‌می هاوبه‌شی "ڕه‌ز هه‌ڵكه‌وت ڕه‌شید" له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ یه‌كه‌مین نمایشی جیهانی خۆیدا له‌ به‌شی "ئاسۆی سینه‌مای جیهان" له‌ سی و سێیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "سینه‌كۆئێست" Cinequest له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا له‌ گرینگترین فێستیڤاڵه‌ فیلمه‌ سه‌ربه‌خۆكانی دنیا و هه‌روه‌ها فێستیڤاڵی باوه‌ڕپێكراوی ئاكادیمیای ئۆسكار نمایش كرا، له‌ دووهه‌مین به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ندێك له‌ ستاف و ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌ به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی" له‌ هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" Duhok  له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌ سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ماكان.

"بێ نیشتمان" به‌ ئاماده‌بوونی "توره‌ج ئه‌سڵانی" و هه‌ندێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌وانه‌: هانی موجته‌هیدی، شوان عه‌تووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵه‌نت كاسێر، ڕێكێش شه‌هباز، به‌نگین عه‌لی و به‌ڕۆژ ئاكره‌یی له‌ دوو سانسی جیاوازدا واته‌: له‌ كاتژمێر 5ی ئێوارێی ڕۆژی چوارشه‌مه‌ 17ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ هۆڵی "كۆنگره‌"ی زانكۆی دهۆك و هه‌روه‌ها له‌ كاتژمێر 9ی شه‌وی پێنجشه‌مه‌ 18ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ هۆڵی سینه‌مایی ناوه‌ندی "دهۆك مۆڵ" له‌ شاری دهۆك له‌ هه‌رێمی كوردستان نمایش ده‌كرێت.

"بێ نیشتمان" له‌لایه‌ن كۆمپانیای "تسویر گستر الهه‌ پارسی" (ئێلی ئیمه‌یج) Eli Image به‌ به‌رپرسیارییه‌تی خاتوو "ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت" له‌ ئاستی جیهاندا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌.
فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "دهۆك" كه‌ به‌ یادی "یه‌ڵماز گۆنای" ده‌رهێنه‌ر ناوداری سینه‌ما و براوه‌ی خه‌ڵاتی چڵه‌ خورمای فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "كان"ی فه‌ڕه‌نسا (1982) و به‌ مه‌به‌ستی پردێكی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان ده‌رهێنه‌ره‌ كورده‌كان و فیلمسازانی سه‌رتاسه‌ری جیهان و هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕی فه‌رهه‌نگی نێوان نه‌ته‌وه‌ جۆراوجۆركانی دنیا دامه‌زراوه‌, هه‌شته‌مین خولی به‌ نمایشی 94 فیلم له‌ سینه‌ماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌چوارچێوه‌ی فیلمه‌ بڵینده‌ سینه‌ماییه‌كان، كورته‌ فیلم و به‌ڵگه‌فیلمه‌كان له‌ چه‌ندین به‌شی پێشبڕكێ و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێ له‌وانه‌: به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای جیهان"، به‌شی پێشبڕكێی "سینه‌مای كوردی"، به‌شی "ڕوانینێك به‌ سینه‌مای جیهان"، به‌شی "پانۆڕامای سینه‌مای كوردی"، به‌شی "نمایشی تایبه‌ت" و ... له‌ ڕۆژانی 15 تا 22ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ هۆڵی "كۆنگره‌"ی زانكۆی دهۆك و هه‌روه‌ها له‌ هۆڵه‌ سینه‌ماییه‌كانی ناوه‌ندی "دهۆك مۆڵ" له‌ شاری دهۆك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

"بێ نیشتمان" دوایین به‌رهه‌می سینه‌مایی "تووره‌ج ئه‌سڵانی" ده‌رهێنه‌ری نوێخوازیی كوردستان و ئێران تێكه‌ڵاویێك له‌ ئه‌كته‌ره‌ ناوداره‌كانی وڵاتانی توركیا، سووریا، عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ چوار زمانی كوردی، توركی، عه‌ڕه‌بی و فارسی تیایدا ڕۆڵیان بینیوه‌.

مه‌نسوور جیهانی