ئافرەتێکی ئەرجەنتینی کۆتایی بە نەخۆشی ئایدز دەهێنێت

 

ژنێکی ئەرجەنتینی توانی ڤایرۆسی HIV  تێکبشکێنێت بەبێ وەرگتنی هیچ چارەسەر و دەرمانێک، ئەمەش دووەم حاڵەتە لە جیهاندا تۆمار دەکرێت.

دکتۆرەکان لەو باوەڕەدان کە سیستەمی بەرگری نەخۆشەکە خۆی بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵ بووە و بە تەواوی لە ناوی بردووە.

بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان تاقیکردنەوەکان لەسەر زیاتر لە 1 ملیار خانەی جەستەی ئەو ئافرەتە دەریخستووە کە هیچ نیشانەیەکی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV لە خانەکانی جەستەی نەماوە.  

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن دەکرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئەم پڕۆسەیە ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ نەهێشتن و بنەبڕکردنی ڤایرۆسی HIV، تەنانەت بتوانرێ بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەریشی بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەم کەیسە دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکانێکی کەم لە دایک دەبن کە سیستەمی بەرگری لەشیان توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی HIVـیان هەیە، بەشێک لەوانەش جیناتیان ڕێگری لە هەوکردن دەکات، وەک نەخۆشە ئەرجەنتینییەکە.  

ئەوە لە کاتێکدایە ئەو کەسانەی ڤایرۆسی HIVـیان لەگەڵە، بەردەوام تا ئەوکاتەی دەمێنن لە ژیان پێویستیان بە چارەسەرە، لە ئەگەری وازهێنان لە دەرمانەکان لەوانەیە ڤایرۆسەکە تەشەنە بسەنێت و تووشی کێشەی جۆراوجۆریان بکات.