ئیسرائیل و ئیمارات رێککەوتنی هاوبەش ئابووریی گشتگیر ئه‌نجام ده‌ده‌ن

ئیسرائیل دەستپێکردنی دانوستانەکانی لەگەڵ ئیمارات راگەیاند بۆ رێککەوتنی هاوبەش ئابووریی گشتگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی ئابووریی ئیسرائیل، دوێنێ ئێوارە کۆبوونەوەیەکی ئۆنڵاین لە نێوان وەزیری ئابووریی و پیشەسازیی ئەو وڵاتە، ئۆرنا باربیڤای و هاوتا ئیماراتیەکەی، عەبدوڵڵا بن تارق ئەنجامدراوە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا باربیڤای رایگەیاندووە: ''ئەمڕۆ دانوستانی فەرمی دەست پێ دەکەم بۆ رێککەوتنی هاوبەش ئابووریی گشتگیر لە نێوان ئیسرائیل و ئیماراتدا''.

باربیڤای باسی لەوە کرد کە رێککەوتنەکە پەرە دەدات بە بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات، ئاستەنگەکان ناهێڵێت و هاریکاری ئابووریی زیاد دەکات، ئەوەیش لە بەرژەوەندی بازرگانانی هەردوو وڵاتدایە و هەلی کار لە کەرتە هەمەجۆرەکاندا دەڕەخسێنێت.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتدا باس لەوە کراوە کە دوێنێ راوێژکاری بازرگانی دەرەکی لە وەزارەتی ئابووریی و پیشەسازیی ئیسرائیل، ئۆهاد کۆهن وەک سەرۆکی لیژنەی دانوستانکاری ئیسرائیل سەردانی دوبەی کردووە.

کۆهن لە چوارچێوەی دانوستانەکەدا دیدار و کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لە دوبەی ئەنجام دەدات و، ئه‌مڕۆ کۆتایی بە سەردانەکەی دەهێنێت.

باس لەوەیش کرا کە رێککەوتنی ئابووریی گشتگیر چەند بوارێکی جۆراوجۆر دەگرێتەوە وەک؛ رێکخستنی گومرک، خزمەتگوزاری بازرگانی، بازرگانی بەرهەم و دیجیتاڵی.

ئاماژە بەوە دەکرێت کە بازرگانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە پاش رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەنددیەکانی نێوان هەردوو وڵات لە پارساڵدا، زیادی کردووە.

قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە 2020دا کە نزیکەی 125 ملیۆن دۆلار بوو، لە دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان بەرزبووەتەوە بۆ 495 ملیۆن دۆلار.

ئیسرائیل و ئیمارات لە 15ی ئەیلوولی 2020دا لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی ئەمریکا رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان واژوو کرد.