عێراق فیلمێك بۆ خه‌ڵاتی ئۆسكار به‌ربژێر ده‌كات

 

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار ئه‌مڕۆ دووشه‌م فیلمێكی چیرۆكی درێژی دیاری كرد وه‌ك نوێنه‌ری عێراق بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسكار وه‌ك باشترین فیلمی 2022ی جیهان.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ڕایگه‌یاند: دیاریكردنی فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربه‌خۆ دیاریكراوه‌، فیلمه‌كه‌ش ناوی (ئه‌وروپا)یه‌ و له‌ ده‌رهێنانی ده‌رهێنه‌ری عێراقی حه‌یده‌ر ڕه‌شیده‌.

فیلمی (ئه‌وروپا) پێنجه‌م فیلمی درێژی ده‌رهێنه‌ری عێراقی حه‌یده‌ر ڕه‌شیده‌ و پێشتریش چه‌ند خه‌ڵاتێكی عه‌ره‌بی و جیهانی بردبووه‌وه‌ وه‌ك خه‌ڵاتی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مای دوبه‌ی و فیستیڤاڵی سینه‌مایی كه‌نداو و فیستیڤاڵی میلانۆ.

فیلمه‌كه‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی له‌ دیداری سینه‌مایی قاهیره‌ی له‌ ساڵی 2019 پێدرابوو، هه‌روه‌ها خه‌ڵاتێكی تری گه‌وره‌ی له‌ فیستیڤاڵی فیلمی میلانۆ وه‌رگرتبوو.

فیلمی (ئه‌وروپا) باس له‌ چیرۆكی 3 ڕۆژی كاره‌ساتاوی گه‌نجێكی عێراقی ده‌كات كه‌ هه‌وڵ ده‌دات به‌ ڕێگه‌ی وشكانی و قاچاغ له‌ ڕێگه‌ی سنووری توركیا و بولگاریا بگاته‌ ئه‌وروپا، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌دا‌ ده‌بێته‌ نێچیر بۆ پۆلیسی سنووری بولگاریا و چه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ كه‌ ڕاوی كۆچبه‌ران ده‌كه‌ن و ئه‌ویش به‌ ته‌نیا له‌نێو دارستانێكی پان و به‌رین و بێ كۆتاییدا ده‌مێنێته‌وه و هه‌وڵی خۆ ڕزگاركردن ده‌دات‌.   

فیلمه‌كه‌ پێشتر به‌شداریی چه‌ندان فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی و جیهانی كردبوو وه‌ك فیستیڤاڵه‌ سینه‌ماییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌ڵمانیا و ئیسپانیا.