له‌ فه‌ڕه‌نسا هه‌وڵێكی ئه‌نجامدانی كوده‌تا به‌سه‌ر حكوومه‌ت پووچه‌ڵكرایه‌وه‌

 

ده‌زگای هه‌واڵگری فڕه‌نسی ئاشكرای كرد، هه‌وڵێكی كوده‌تایان به‌سه‌ر حكوومه‌تدا هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ر ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن جێگری پێشووی پارتی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئه‌نجامدرابوو له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی تۆڕێكی تیرۆریستی كه‌ پێكهاتبوون له‌ كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری ئێستا و خانه‌نشینكراو له‌ پۆلیس و سوپا.

ڕۆژنامه‌ی (لۆ پاریزیان)ی فڕه‌نسی بڵاوی كرده‌وه‌: ریمی دای جێگری پێشووی پارتی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی داڕێژه‌ی هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ بووه‌ و ئێستاش ناوبراو ده‌ستگیركراوه‌ كه‌ هه‌وڵی هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی تاقیگه‌ی پزیشكی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنای دابوو.

بڵاویشی كرده‌وه‌: تۆڕه‌كه‌ هه‌روه‌ها پلانیان داڕشتبوو كوده‌تا به‌سه‌ر حكوومه‌ت بكات له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی تۆڕێكی فراوانی تیرۆرستی له‌ هه‌موو فه‌ڕه‌نسا، به‌ڵام ده‌زگای هه‌واڵگری فڕه‌نسا پلانه‌كه‌ی ئاشكرا كرد و هه‌وڵه‌كه‌یانی پووچه‌ڵ كرده‌وه‌.

ڕۆژنامه‌كه‌ هه‌روه‌ها ئاشكراشی كرد، به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی هه‌وڵی كوده‌تاكه‌ چه‌ندان ئه‌فسه‌ری ئێستا و خانه‌نشینكراو له‌ پۆلیس و سوپا له‌نێو تۆڕه‌كه‌دا بوون، هه‌روه‌ها چه‌ند كه‌سێكی تریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌وڵه‌ كوده‌تاكه‌ به‌شداربوون له‌نێویاندا ئه‌فسه‌رێكه‌ كه‌ مه‌دالیای شانازی فه‌ڕه‌نسای پێدراوه‌ و له‌نێو تۆڕه‌كه‌شدا پۆستی ئه‌مینداری سه‌ربازیی بزووتنه‌وه‌كه‌ی هه‌بووه‌.