حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر چوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانی تێده‌په‌ڕێت

ئه‌مڕۆ 28ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 حه‌وت ساڵ به‌سه‌رچوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانی تێده‌په‌ڕێت.

له‌و ڕۆژه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ توانی به‌ناو خاكی توركیادا بچێت بۆ كۆبانێ‌ و پشتیوانی هێزه‌ شه‌ڕڤانان بكات و له‌دوا ساته‌كانی كه‌وتنی كۆبانێدا، له‌دڕنده‌یی داعش  بیپارێزێت.

پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌كه‌م كاروانی چوونی بۆ كۆبانێ‌ به‌ناو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و باكوری كوردستاندا تێپه‌ڕی، كه‌ له‌و رێگایه‌دا به‌هه‌زاره‌ها كه‌س له‌پێشوازی كاروانی ئۆتۆمبێلی پێشمه‌رگه‌دا بوون و زۆربه‌ی شاره‌كان كاروانه‌كه‌یان گوڵ باران ده‌كرد، به‌ هوتافی به‌خێربێن پێشمه‌رگه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان و سه‌ركه‌وتن له‌ڕێیه‌، پێشمه‌رگه‌ گه‌یشته‌ باكووری كۆبانێ‌ له‌یه‌كه‌م ڕۆژی چوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناو كۆبانێ‌ توانیان سه‌نگه‌ره‌كانی هێرشكردن و به‌رگری داعش تێكبشكێنن و قۆناغی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی هێرشی شه‌ڕڤانان بۆ پاككردنه‌وه‌ی كۆبانێ‌ ده‌ست پێبكه‌ن.

11

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ 22-10-2014 برِیاریدا پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ ره‌وانه‌ بكات،  پێشمه‌رگه‌ به‌ چوار كاروان چوون بۆ كۆبانێ‌، یه‌كه‌م كاروانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ رێكه‌وتی 28ی تشرینی یه‌كه‌م ساڵی 2014 بوو له‌ هه‌ولێری پایته‌خته‌وه‌ به‌رێكه‌وتن و ماوه‌ی 35 ڕۆژ له‌وێ‌ بوون هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژه‌وه‌ ده‌ست به‌ كار بوون، كه‌ ژماره‌یان 150 پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی بوون و چه‌كی قورس و مام ناوه‌ند و سوكیان پێبوو، كاروانی دووه‌میش له‌ 3ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2014 بوو.

هه‌روه‌ها كاروانی سێیه‌م له‌ 15-1-2015 بوو، دوا كاروانیش جێگۆركێیان كرد له‌گه‌ڵ كاروانی سێیه‌م بۆ ته‌واو كردنی ئه‌ركه‌كه‌،كه‌ تا ڕه‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر كۆبانێ‌ و ئازادكردنی ئه‌وشاره‌ له‌وێ مانه‌وه‌، دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان.

له‌و ماوه‌یدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شاری كۆبانێ‌ یه‌ك شه‌هید و چه‌ندین برینداریان داو قاره‌مانانه‌ له‌ دژی چه‌كدارانی داعش جه‌نگان و توانییان له‌گه‌ڵ شه‌ڕڤانان پارسه‌نگی هێز بگۆڕن و داعش له‌ هێزی هێرشكره‌وه‌ بوو به‌ هێزی تێكشكاوو و پاشه‌كشه‌ پێكرا.