حكوومه‌تی هه‌رێم سێ بەنداوی دھۆک تەواو دەکات

بڕیارە سێ بەنداو لە پارێزگای دھۆک دروست بکرێن.

بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆکیش رایگه‌یاند، حکوومەت پارەی پێویستی بۆ تەواوکردنی بەنداوی خنس دابین کردووە و بڕیارە دوو بەنداوی دیکەش تەواو بکرێن.

فەرھاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک، رایده‌گه‌ێنێت: پێش قەیرانی دارایی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی سێ بەنداو لە سنووری پارێزگای دھۆک کرابوو، ئەوانیش بەنداوەکانی سپنە لە ئامێدی و بەنداوی خنس لە قەزای شێخان و بەنداوێکی دیکە لە سێمێل بوون، بەڵام بەھۆی ھاتنی قەیرانی دارایییەوە کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوو.

بەڕێوەبەری بەنداوی دھۆک دەشڵێت: کابینەی نۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەرسێ بەنداوەکەی دھۆک تەواو بکرێن و گوژمەی چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار خەرج کراوە و کارکردن لە بەنداوی خنس دەستی پێ کردووەتەوە، دوو بەنداوەکەی دیکە ھێشتا دەست بە تەواوکردنیان نەکراوە، بەڵام حکوومەت ئاگادار کراوەتەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە تەواوکردنیان بکرێت.

فەرھاد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش ده‌كات: بۆ تەواوبوونی ھەرسێ بەنداوەکە 10 ملیار دینار پێویستە و تەواوبوونیان کاریگەریی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری دەبێت لە سنوری پارێزگای دھۆک، چونکە ئاوێکی زۆر گل دەدرێتەوە.