رەئیسی داوای له‌به‌رپرسانی ئێران كرد ھەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە ئه‌لیكترۆنییه‌كان

ئیبراھیم رەئیسی، سەرکۆماری ئێران، ئاماژەی بەوە کرد کە ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر سستەمی بەنزین "نە یەکەمە و نە کۆتایییە" و داوای لە بەرپرسان کرد ئامادەی ئەو جۆرە ھێرشانە بن.

رەئیسی دوای درووستبوونی کێشە لە سستەمی دابەشکردنی بەنزین لە وڵاتەکەی بەھۆی ھێرشێکی ئەلیکترۆنییەوە، بە سەردانێکی "لە ناکاودا" گەیشتە بارەگای وەزارەتی نەوت و لەوێوە لێدوانی دا.

ئیبراھیم رەئیسی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ ئەوەی خەڵکی تووشی شڵەژان نەبن، ھەوڵی زۆریان داوە و گوتی: "ئەو ھێرشە ئەلیکترۆنییەی کە کراوەتە سەر سستەمی دابەشکردنی بەنزین، نە یەکەمە و نە کۆتایییە. دەبێت وەزارەتی نەوت و سەرجەم دامەزراوەکانی دیکە، ھەنگاوی پێویست بنێن بۆ بەرگرتن و بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان. بەپێی ئەو راپۆرتانەی کە پێمان گەیشتووە، دوژمن ئامانجی ئەوەیە کێشە لە وڵات دروست بکات و ناڕەزایەتی خەڵکی زیاد بکات".

دواتر سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی سەردانی بەنزینخانەیەکی شاری تارانی کرد و گفتوگۆی لەگەڵ خاوەن بەنزینخانەکە و شۆفێران لە بارەی ئەو کێشەیەوە کرد.

بەھۆی ھێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر سستەمی دابەشکردنی بەنزین لە سەرانسەری ئێران لە زۆربەی شوێنەکان، فرۆشتنی بەنزین وەستاو  ئۆتۆمبێلەکان سرەیەکی درێژیان بۆ بەدەستھێنانی بەنزین گرت.