تیمێکی پزیشکانی ئه‌وروپی چاره‌سه‌رى پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن

ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ تیمێکی پزیشکانی ئەوروپی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کۆمەڵێک پێشمەرگە، سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان لە شاری هەولێر کرد.

دکتۆر رزگار عەلی عەبدوڵا بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: تیمی پزیشکانی (سویس کرۆس) کە پێکهاتبوون لە پزیشکانی وڵاتانی (بەریتانیا و سویسرا) لە پسپۆرییەکانی ئیسک و شکان، جوانکاری، رووخسار و چەناگە لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر پشکنینیان بۆ (50) پێشمەرگەی بریندار و نەخۆش ئەنجام دا.

ئەم تیمە پزیشکییە بە هاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و پرۆفیسۆر د. دیاری فەریدوون قادر بۆ ماوەی رۆژێك لە نەخۆشخانەی پێشمەرگە دەمێننەوە و چاویان بە (50) پێشمەرگەی نەخۆش و بریندار دەکەوێت. تیمەکە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەو پێشمەرگانەی پشکنینیان بۆ دەکرێت کە پێویستییان بە نەشتەرگەری هەبێت، لە ڕۆژانی ئایندەدا نەشتەرگەرییان لە باشترین نەخۆشخانەی ئەهلی بێبەرامبەر بۆ ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکی ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەم هاوکارییانە بۆ پێشمەرگە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت. شایانی باسە نەخۆشخانەی پێشمەرگە رۆژانە پێشوازی لە نەخۆش و برینداری پێشمەرگە دەکات لە هەر یەکەیەکی سەربازی بێت، هەروەها رۆژانەش ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دابین دەکات بۆ ئەو پێشمەرگانەی ئارەزووی وەرگرتنی ڤاکسین دەکەن.