هێزێكی زۆری سوپا و فڕۆكه‌‌ له شارۆچكه‌ی شاره‌بان بڵاوه‌یان پێ كراوه‌

 

فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م هێزێكی زۆری ئه‌منی و سه‌ربازی گه‌یانده‌ گوندی ڕه‌شاد له‌ شارۆچكه‌ی‌ شاره‌بان له‌ پارێزگای دیاله‌ بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و چه‌كدارنه‌ی داعش كه‌ شه‌وی ڕابردوو هێرشیان كردبووه‌‌ سه‌ر گونده‌كه‌ 13 هاووڵاتییان كوشتبوو و 15ی تریشیان بریندار كردبوو.

لیوا ته‌حسین ئه‌لخه‌فاجی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان ڕایگه‌یاند: فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان چووه‌ته‌‌ شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوو‌‌ له‌ گوندی ڕه‌شاد سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی شاره‌بان و هێزێكی زۆری سه‌ربازیش له‌وێ دامه‌زراون، هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌‌ له‌نێوان فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان و پارێزگای دیاله‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی گونده‌كه‌ كراوه‌ بۆ ڕوونه‌دانی كێشه‌ و فیتنه‌ له‌ ناوچه‌كه‌.

ڕاشیگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش به‌ چه‌كی مامناوه‌ند و سووك ئه‌نجامدراوه‌ و به‌ مه‌به‌ستیش هاووڵاتییان كراونه‌ته‌ ئامانج بۆ نانه‌وه‌ی فیتنه‌، بێگومان چه‌كدارانی داعش ئێستا ناتوانن ڕووبه‌ڕووی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ببنه‌وه‌ و كاری تیرۆریستی له‌مشێوه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

لیوا ته‌حسین ئه‌لخه‌فاجی ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا له‌ شاره‌بان كۆبوونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ دوو لیوای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا و فه‌وجێكی ده‌زگای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌گه‌ڵ فه‌وجێكی تری سوپا، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ی سه‌ربازیش به‌رده‌وام چاودێری ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاریانداوه‌ ڕاوه‌دووی چه‌كدارانی داعش بكه‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی شه‌وی ڕابردوو تاوانه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها چه‌كدارانی داعش له‌ پارێزگای دیاله‌ به‌ته‌واوی بنبڕ ده‌كه‌ن، ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایسپاردوون ڕاوی تیرۆریسته‌ داعشه‌كان بكه‌ن تا به‌ سزای یاسایی خۆیان بگه‌ن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراق بڵاویان كردبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌م لە تۆڵەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش لە شارەبان، گرووپێكی شیعەكان چەند کەسێکی سڤیلی گوندێكی سوننه‌یان كوشتووه‌.

جێی باسه‌ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گوندی ڕه‌شاد له‌ شارۆچكه‌ی شاره‌بان (مقدادییه‌)، مستەفا کازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (تویته‌ر) ڕایگه‌یاندبوو "ئەنجامدەرانی تاوانەکەی مقدادییە لە پارێزگای دیالە بەبێ سزا تێناپەڕن، ھەوڵی زیاتر دەدەین بە ئامانجی ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و تا ئەوان دەستیان بچێتە خوێنی بێ تاوانەکان، زیاتر سوور دەبین لەسەر بنەبڕکردنیان لەسەر خاکی عێراق".