ئایا دەرگای قوتابخانەکان دادەخرێن؟

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت هیچ پێشنیارێک نەکراوە بۆ داخستنی ناوەندەکانی خوێندن. 

د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردن لە بەرنامەی میوانی دلێر کە کاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو پەخش دەکرێت، سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەیانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا و کۆمەڵێ بابەتی دیکە قسەی کرد.

سامان بەرزنجی سەبارەت بە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان گوتی: دەرگای قوتابخانەکان بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هیچ پێشنیارێکیش نەکراوە بۆ داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، چونکە ئێستا ڤاکسین بەردەستە و هەموو ئاسانکاریێک بۆ مامۆستایان کراوە بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرن.

گوتیشی: لەجیاتی داخستنی دەرگای قوتابخانە ڕێککاری خۆپارێزی توندتر دەگیرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە. 

 بڕیارە سبەی دووشەممە لەلایەن لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا دواین ڕاپۆرتی ڕەوشی تەندروستی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و چەند پێشنیارێك بۆ ئەم قۆناغە بخرێتەڕوو.