هاوپەیمانیی فەتح : دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەتدەکەینەوە

ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری 17 کورسی بەدەستھێناوە

ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری رایگەیاند کە دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەت دەکەنەوە.

بەپێی میدیا عێراقییەکان ھاوپەیمانیی فەتح لە راگەیەندراوێکدا، رەختەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی گرتووە سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و تیایدا ھاتووە "تووشی شۆک بووین بە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە تیایدا پیرۆبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردووە لە کاتێکدا، ھێشتا تانەکان یەکلایی نەکراونەتەوە".

ئاماژە بەوەیشدراوە کە وێرای ئەوەی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدان ناڕەزایەتیی خۆیان نیشانداوە لەبارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی و نێردەکەی لە عێراق جێگای پرسیارە، ھەروەھا بێلایەنی ئەنجوومەنەکە نیشان نادات، بەتایبەتیش کە نێردەی یەکێتیی ئەورووپا، ژمارەیەک پێشێلکاریی لە رۆژی ھەڵبژاردنەکاندا و راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان تۆمارکردووە.

ھاوپەیمانیی فەتح ھەروەھا راشیگەیاندووە "جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ سەرجەم ویێستگەکان، مافی خۆمانە و لێی پاشگەز نابینەوە، ھەروەھا دەستوەردانە دەرەکییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا رەت دەکەینەوە ".

پێشتر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی راگەیەندراوێکی لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەکەی کردبوو.

بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، 17 کورسی بەدەستھێناوە