سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا ئەنجامدا

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوئێل ماکرۆن ،سەرکۆماری فەڕەنسا، ئەنجامدا و دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بابەتە هەرێمییەکان گفتوگۆیان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی کۆشکی سپی، بایدن و ماکرۆن بۆ تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان و پرسە هەرێمییەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو سەرۆک دەربارەی هەوڵەکانی پشتیوانی کردن لە سەقامگیری و ئاسایشی بیابانی ئەفریقا و فراوان کردنی هەماهەنگییەکانیان لە ناوچەی هیند-پاسیفیک، دواون.

هەروەها بەهێزکردنی لایەنی بەرگری ئەورووپا و ناتۆ یەکێکی دیکە بووە لە مژاری گفتوگۆکانیان.

لای خۆشییەوە بایدن باسی لەوە کردوە کە بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئەوەیە لە میانەی لووتکەی جی 20 کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە رۆما ساز دەکرێت، لەگەڵ ماکرۆن کۆببێتەوە. بڕیاریشە لەم کۆبوونەوەیەدا هەردوو سەرۆک دەربارەی بابەتەکانی پەیوەست بە هەماهەنگی ئەمریکا-فەڕەنسا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و بەهاکانی نێوانیان، گفتوگۆ بکەن.

هەر لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکدا بایدن ئەوەی ئاشکرا کردوە کە یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا، کامالا هاریس کۆتایی ئەم مانگە سەردانی پاریس دەکات و ئەم سەردانەش هەلێکی گرنگە بۆ لە نزیکەوە گفتوگۆ کردن لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرفتە نێودەوڵەتییەکان.