ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ بە قەزاکردنی شارۆچکەی عەنکاوە و پیرمام دەدات

 لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەنگ بە قەزاکردنی شارۆچکەی عەنکاوە و پیرمام دەدات.

ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2021، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە بە مەبەستی دەنگدان بە قەزاکردنی هەردوو شارۆچکەی عەنکاوە و پیرمام.

مەسرور بارزانی ڕۆژی 4ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ سەردانی شارۆچکەی عەنکاوەی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، هەروەها لە هەفتەی ڕابردوودا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە قەزاکردنی پیرمامی داوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ بە قەزاکردنی شارۆچکەکە.

جێی باسە، بڕیاری بە قەزاکردنی ناحییەکان لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ خوارەوە لە پێناو ئاسانکاری زیاتر بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان.