له‌ كاتی وێنه‌گرتنی فیلمێك به‌ ده‌مانچه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن ده‌كوژێ

 

پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، ئه‌كته‌ری ناوداری سینه‌ما ئه‌لیك باڵدوین ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌كاتی وێنه‌گرتنی فیلمی وێسترن به‌هه‌ڵه‌ ته‌قه‌ ده‌كات و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌ ده‌كوژێ و ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ش بریندار ده‌كات.

پۆلیس ڕایگه‌یاند: خاتوو هالیانا هاچینز به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن و گویل سۆزا ده‌رهێنه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ری ناوداری ئه‌مه‌ریكی ئه‌لیك باڵدوین به‌هه‌ڵه‌ ته‌قه‌یان لێ كرا له‌ كاتی وێنه‌گرتنی فیلمی (ڕاست) له‌ نزیك شاری سانتا كه‌ پایته‌ختی ویلایه‌تی نیو مه‌كسیكۆیه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هالینا برینه‌كه‌ی قووڵ بوو و دوای گه‌یشتنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ست دا، به‌ڵام گویل له‌ژیاندا ماوه‌ و ئێستا له‌ چاودێری چڕی نه‌خۆشخانه‌یه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ پۆلیسی شاری سانتا ئاشكرای كردووه‌، دوو كه‌س ته‌قه‌یان لێ كراوه‌ له‌كاتی وێنه‌گرتنی فیلمی (راست) له‌ شوینی تۆماركردنی فیلمه‌كه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ برینداره‌كان ئافره‌ته‌ و ته‌مه‌نی 42 ساڵه‌ و به‌هۆی قووڵی برینه‌كه‌شی گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

جێی باسه‌ ئه‌كته‌ری ناوداری ئه‌مه‌ریكی ئه‌لیك باڵدوین له‌كاتی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه‌دا وای زانیوه‌ چه‌كی ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ستی ڕاستی نییه‌ و ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری وێنه‌گرتن و ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ی كردووه‌ و ته‌قه‌ی لێ كردوون.