وەزارەتی گواستنەوە: ڕێککاری یاسایی بەرامبەر ئەو شۆفێرە دەگیرێتە کە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی بۆ کاری کەسی بەکار‌هێناوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتی وەزارەتی گواستنەوەی گەیاندن ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت لەلایەن یەکێک لە شۆفێرانەوە لە پێناو ئەنجامدانی کاری تایبەتی بەکارهێنراوە.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی تشرینی یەکەمی 2021، وەزارەتی گوستنەوە گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە هاوبەشی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەلایەن یەکێک لە شۆفێرەکانەوە بە بێ ئاگاداری ئیدارەی فڕۆکاخەنەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: ئاگاداری هاووڵاتیانی بەڕێز دەکەین کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە تابلۆی وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندنی لە سەربووە بە هەلسوکەوتێکی کەسی وبەبێ ئاگاداری ئیدارەی فرۆکەخانە لە لایەن یەکێک لە شۆفێران لە پێناو ئەنجامدانی کاری شەخسی بەکارهێنراوە بە دەر لە یاسا و ڕێنماییەکان.

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە وەزارەتى گواستنەوه و گەیاندن و بەرێوەبەرایەتی گشتی فرۆکەخانە بەپێی یاسا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکەن و ڕێککارە یاساییەکان دەگرنە بەر بەرامبەر ئەم هەلسوکەوتە نەشیاوە و لە یاسا دەرچوونەی فەرمانبەری سەرپێچی کار.