داعش له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر گوندێك شكست دێنێ و كوژراویان هه‌یه‌

 

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی چه‌كدارانی داعش هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر گوندێك له‌ پارێزگای ئه‌نبار و به‌هۆی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق كوژراویان هه‌بووه‌ و ناچاربوون به‌ره‌و بیابان ڕأبكه‌ن.

ناسڕ ئه‌لغه‌نام فه‌رمانده‌ی سوپای عێراق له‌ پارێزگای ئه‌نبار ئاشكرای كرد: چه‌ند چه‌كدارێكی چه‌ته‌كانی داعش به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی هێرشیان كرده‌‌ سه‌ر گوندی (ده‌راعیمه‌)ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی ڕوتبه‌ی ڕۆژئاوای پارێزگای ئه‌نبار. 

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هێزه‌كانی سوپای عێراق ئازایانه‌ به‌رپه‌رچی هێرشه‌كه‌ی داعشیان دایه‌وه‌‌ و چه‌كدارێكیان لێ كوشتوون‌ و چه‌ندانی دیكه‌شیان بریندار كردوون، هه‌روه‌ها ناچاریان كردوون بكشێنه‌وه‌ و به‌ره‌و بیابانه‌كانی ئه‌نباڕ ڕابكه‌ن.

فه‌رمانده‌ی سوپای عێراق له‌ پارێزگای ئه‌نبار جه‌ختیشی كرده‌وه‌‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هیچ زیانێكی گیانی له‌ هێزه‌كانی سوپای عێراق له‌ هێرشه‌كه‌دا نه‌بووه‌.