نرخی جیهانی نه‌وت ئه‌مڕۆ هه‌ینی ڕووی له‌ دابه‌زین كرد

 

نرخی نه‌وت ئه‌مڕۆ هه‌ینی دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی حه‌وت هه‌فته‌ به‌رده‌وام ڕوو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ بوو.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت 50 سه‌نت واته‌ 0.6% دابه‌زینی نرخی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و بوو به‌ 84.11 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك.

به‌یانی دوێنێ پێنجشه‌م نرخی جیهانی نه‌وتی برێنت به‌رزترین ئاستی له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی ڕابردوو به‌خۆیه‌وه‌ بینی كه‌ نرخه‌كه‌ی بووه‌ 86.10 دۆلار، به‌ڵام دواتر نرخه‌كه‌ی ڕووی له‌ دابه‌زین كرد و تا ئێواره‌ 0.9% نرخه‌كه‌ی له‌ده‌ست دا، ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌مجار بوو نرخی نه‌وت ڕووی له‌خواره‌وه‌ بێت له‌ ڕۆژی 3ی مانگی ڕابردووه‌وه‌‌.

هه‌روه‌ها نرخی نه‌وتی سووكی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش دابه‌زینی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و 49 سه‌نت دابه‌زی واته‌ 0.6%ی نرخه‌كه‌ی، به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی تێكساس به‌ 82.01 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كراوه‌.

دابه‌زینی نرخی جیهانی نه‌وت له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا وه‌زیری نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاندبوو كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو 2022 نرخی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ببێته‌ 100 دۆلار، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ بوودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق نرخی هه‌ر به‌رمیلێك به‌ 60 دۆلار چه‌سپێنراوه‌.